کەشناسی هۆشداریی لهبارهی گهرماوه دەدات
گۆڕانكارییهكی خێرا له كهشوههوای ههرێمی كوردستان ڕوودهدات و گهرمایهكی سووتێنهر شارهكانی ههرێم دهگرێتهوه.
هەرێمی کوردستان لەبەردەم شەپۆلی گەرمایەکی بهتینی سووتێنهردایه کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا ئاستی بەرزترین پلەی گەرما لە چەندین ناوچە ڕیکۆردی نوێ تۆمار بکات.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کاریگەریی شەپۆلێکی گەرما بۆ سەر ناوچەکە دەستی پێکردووە و بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، پلەکانی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە؛ بە جۆرێک لە هەولێر و هەڵەبجە دەگاتە 44 تاوەکو 47 پلە، لە سلێمانی و دهۆک 43 تاوەکو 46 پلە، لە کەرکووک تاوەکو 48 پلە و لە ئیدارەی گەرمیان بەرزترین ئاست تۆمار دەکرێت کە لە نێوان 45 تاوەکو 50 پلەی سیلیزیدایە.
ئاماژە بەوە دراوه، سبەی چوارشەممە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک خێرایی با بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاد دەکات و بەهۆی زیادبوونی ڕادەی شێ، ئەگەری دروستبوونی هەور لە ئاسمانی ناوچەکەدا هەیە.
بهپێی پسپۆڕانی تەندروستی، بۆ خۆپاراستن لهم كهشوههوا سووتێنهره دهبێ هاووڵاتییان بڕێکی زۆر ئاو و شلەمەنی بخۆنەوە، دوور بکەونەوە لە خواردنەوە گازییەکان و ئەو شلانەی ڕێژەی شەکر و کافاینیان زۆرە. چونكه ئەم جۆرە گەرمایە دەکرێت کاریگەریی درێژخایەن لەسەر کۆئەندامی دەمار و دڵی مرۆڤ جێبهێڵێت.
پسپۆڕان داواش دهكهن، لە کاتژمێرە هەرە گەرمەکاندا، کە لە نێوان 10ی بەیانی بۆ 4ی پاشنیوەڕۆدایە، لە ماڵەکاندا بمێننەوە و ئەگەر ناچار بوون بچنە دەرەوە، جلوبەرگی سووک، ڕەنگ کاڵ و فراوان بپۆشن و کڵاو و چاویلکەی خۆر بەکاربهێنن.