تەمویلی مووچەی مانگی 7 دەستی پێکرد
وردەکاریی تەمویلکردنی مووچە لە زاری وەزارەتی دارایی عێراقهوه.
دارایی عێراق دەستپێکردنی ڕێکارەكانی بۆ دابینکردنی شایستەی مانگانەی مووچەخۆرانی وڵاتهكهی ڕاگهیاند.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاوی کردەوە، فەرمانگەی ژمێریاریی سەر بە وەزارەتەکە، دەستی بە ڕێکارەکانی تەمویلکردن و خەرجکردنی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی دەوڵەت کردووە.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ئەمڕۆوە پارەی پێویست بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان دابین دەکرێت و دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکانیان بۆ ئەوەی مووچەخۆران شایستە داراییەکانیان وەربگرن.
ئەم هەنگاوەی بەغدا لە کاتێکدایە کە وردبینیکردن لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو پارەی مووچەی هەرێمیش بنێردرێت.
ئەگەرچی حکومەتی هەرێم لە 22ی ئەم مانگەوە لیستەکهی ڕەوانە کردووە، بەڵام پشووی چلەی ئیمام حوسێن و کێشەی نەختینە لە بەغدا، بوونەتە هۆی سستی لە دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەدا.
بهپێی زانیارییهكان، عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کەمیی نەختینە بووەتەوە و ئەمەش پڕۆسەی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی لە زۆربەی وەزارەتەکاندا پەکی خستووە و حکومەتی ناچار کردووە پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی ببات.
شایانی باسه، وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو ئێستا تەنیا توانیویەتی مووچەی نزیکەی 15 لە سەدی وەزارەتەکان دابین بکات. بەپێی دواین داتاکان، حکومەتی عێراق بۆ پڕکردنەوەی ئەم کورتهێنانە داراییە، پارەی لە بانکی ناوەندی، ڕافیدەین، تی بی ئای و چەند بانکێکی دیکە قەرز کردووە، بەمەش کۆی گشتیی قەرزی ناوخۆیی وڵات گەیشتووەتە 106 تریلیۆن دینار.
ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەت مانگانە پێویستی بە 8 تریلیۆن دینار تەنیا بۆ مووچە و نزیکەی 1 تریلیۆن دیناری تریش بۆ خەرجییەکانی تری فەرمانگەکان هەیە.