هەواڵێکی خۆش بۆ ئەو ماڵانەی قەرزی زۆریان لەسەرە
وردەکاریی تەواوی داشکاندنی قەرزی کارەبا لێرەدایە.
وەزارەتی کارەبا لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ کەمکردنەوەی باری دارایی سەر شانی هاووڵاتییان و ڕێکخستنەوەی کۆکردنەوەی داهات، بڕیاری داشکاندنێکی گەورەی لە قەرزی کارەبا دا کە ڕێژەکەی دەگاتە نیوەی بڕی قەرزە کۆنەکان.
ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی كردهوه، داشکاندنێکی ناوازە و یەکجارە بە ڕێژەی تاوەکو 50 لە سەد بۆ قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی دەست پێدەکات. ئەم بڕیارە لە نێوان 3ی ئابی 2026 تاوەکو 10ی ئەیلوولی 2026 جێبەجێ دەکرێت و تەنیا ئەو قەرزانە دەگرێتەوە کە پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی لەسەر هاوبەشان ماونەتەوە.
بەپێی ڕێنمایییەکان، هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی بە ڕێژەی 50 لە سەد و هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری بە ڕێژەی 25 لە سەد سوودمەند دەبن، بەو مەرجەی تەواوی بڕی داشکێندراوی قەرزەکە بەیەکجار بدەنەوە.
وەزارەت ئاماژەی بەوەش داوه، پارەدانی ئەلیکترۆنی لە نێوان 30ی تەممووز بۆ 3ی ئاب بەهۆی ئامادەکاریی تەکنیکی دەوەستێت، بۆیە داوا لە هاوبەشان دەکرێت پێش ئەو وادەیە پارەی پسوولەکانیان بدەن.
پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری و ڕێکخستنەوەی سیستەمی کۆکردنەوەی داهات لە ڕێگەی پێوەرە زیرەکەکانەوە.