بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاریی سەڵاحەدین دەستگیر کرا
بە تۆمەتی گەندەڵی، بەرپرسێکی دیکەی پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر کرا.
دەستەی دەستپاکی، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی، لە ئۆپراسیۆنێکدا بەرپرسێکی پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر دەکات.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکدا لە پارێزگای سەڵاحەدین، بە تۆمەتی گەندەڵی و زیادکردنی سامان بە شێوەیەکی نایاسایی، بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاریی پارێزگاکە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا.
بەپێی زانیارییەکانی دەستەی دەستپاکی، لە ماڵی تۆمەتبارەکەدا دەست بەسەر 2.5 ملیار دیناری عێراقی، لەگەڵ چەکی جۆراوجۆر، 12 مەخزەن و چەندین فیشەکدا گیرا، هەر لە چوارچێوەی ئەم ئۆپراسیۆنەدا، هێزەکانی دەستەی دەستپاکی دەستیان بەسەر 6 مۆڵکی عەقاریدا گرت کە تۆمەتبارەکە بە ناوی خێزانەکەیەوە کردبوونی.
بەپێی بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 340ی یاسای سزادانی عێراق، تۆمەتبارەکە بە تۆمەتی دابەشکردنی پارە لە ڕێگەی چەکی بانکی ڕافیدەینەوە کە بۆ شایستەی فەرمانبەران بووە، بەڵام بە بەکارهێنانی وەسڵی ساختە، دەستبەسەر کراوە و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.