نوێترین زانیاری لهبارهی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمهوه گهیشت
عێراق کێشەی گەورەی لە دابینکردنی پارەی نەختینەیی هەیە و ناتوانێت لە کاتی دیاریکراودا مووچەی مووچەخۆرانی خۆی و هەرێم دابەش بکات
بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بریاری خەرجکردنی مووچەی مانگی تەمووزی مووچەخۆرانی عێراقی دەرکرد و پایتەخت میدیا، زانیاری لەسەر کاتی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و کێشە گەورەکەی بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ئاشکرا دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، وەزارەتی دارایی عێراق رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە لە دابینکردنی پارەی نەختینەیی بووەتەوە و ئەم مانگە، ناتوانێت لە کاتی دیاریکراودا مووچەی مووچەخۆرانی خۆی و هەرێم دابین بکات.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای راگەیاند، عێراق کێشەی پارەی نەختینەیی هەیە و تاوەکو ئێستا تەنها توانیویەتی مووچەی نزیکەی 15% وەزارەتەکان دابین بکات.
دووبەردانی بە پایتەختی گوت؛ "'وەزارەتی دارایی عێراق لە بانکی ناوەندی، ڕافیدەین و TBI و چەند بانکێکی دیکەی پارەی قەرز کردووە و بەپێی دواین داتاکان، حکومەتی عێراق 106 تریلیۆن دینار قەرزی ناوخۆی هەیە."
حکومەتی عێراق، بۆ دابینکردنی مووچەی مووچوخۆرانی خۆی، مانگاکەن پێویستی بە هەشت تریلیۆن دینار هەیە، لە کاتێکدا خەرجیییەکانی دیکەی وەزارەت و فەرمانگەکانیش پێویستی بە نزیکەی یەک تریلیۆن دینارە.
پایتەخت لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەت زانیویەتی، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکات و دوای دابینکردنی پارەی نەختینەیی، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت، هیچ کێشەیەک لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێدا نییە و وەزارەتی دارایی هەرێم، هەر لە ئێستاوە دەستیکردووە بە ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووز و لەگەڵ گەیشتنی پارەکە، ڕاستەوخۆ دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات.
ئێستا عێراق لە بەردەم کێشەیەکی گەورەی پارەی نەختینەیی دایە و لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی ئەمریکای ڕایگەیاند، عێراق بڕی 280 تریلیۆن دینار قەرزاری لەسەرە و کەوتووەتە بەردەم قەیرانێکی تووندی پارەی نەختینەیی.
عێراق بۆ دابینکردنی مووچەی پێنج مانگی کۆتایی ئەمساڵ، پێویستی بە زیاتر لە 45 تریلیۆن دینار هەیە و دیار نییە، چۆن دەتوانێت ئەو بڕە پارەیە دابین بکات و مووچەی مووچەخۆرانی خۆی و هەرێم خەرج بکات.