Banner
پایتەخت

ئێران لە عەلی زەیدی تووڕەیە

ئێران لە عەلی زەیدی تووڕەیە
کورتە

عەلی زەیدی چ داوایەکی لە بەرپرسانی ئێران کردووە؟ بزانە وەڵامی ئێران چی بووە

ئێران بەرامبەر بە داواکارییەکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەڵامێکی ڕوونی نەبووە و پێشبینی دەکرێت هەڵوێستی نەرێنی هەبێت.

ماڵپەڕی ئەلحوڕە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشكرای کردووە، لە کۆبوونەوەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، ناوبراو دوای لێکردوون کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق نەکەنە ئامانج کە بە گەرووی هورمزا تێدەپەڕن.

بەگوێرەی زانیاری ئەم سەرچاوانە، بەرپرسانی ئێران لە بەرامبەر ئەم داواکارییە زەیدی، هیچ وەڵامێکی ڕوونیان نەداوەتەوە، نە داواکارییەکەیان قبووڵ کردووە نە ڕەتیشیان کردووەتەوە، بەڵام سەرچاوەکە پێشبینی دەکات ئێران هەڵوێستێکی  "نەرێنی" هەبێت، ئەمەش بە ڕەچاوکردنی سەردانەکەی بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

ئەم داوایەی زەیدی لە کاتێکدایە، 90%ـی سامانی گشتی عێراق پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت، بەشی هەرەزۆری ئەم نەوتەش بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت. پێش دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، عێراق مانگانە نزیکەی 90 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرد، ئێستا ئەم ڕێژەیە بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە مانگێک دابەزیوە.


بە گوێرەی داتاکانی کۆمپانیای شیکاری کپلەر، لە 23-7-2026 تەنیا یەک کەشتی نەوتهەڵگر بە گەرووی هورمزا تێپەی، کەچی پێشووتر ڕۆژانە سێ کەشتی تێپەڕ دەبوون، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری عێراق و دراوەکەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی هەیە.

25 تەمموز 2026 09:49
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026