سۆران دەبێتە یەکەم شاری دیجیتاڵی لە کوردستان
گۆڕانکاریی گەورە لە دامودەزگاکانی سۆران ڕوو دەدات؛ وردهكاریی سیستهمه نوێیهكه و بڕیاری شۆڕشی دیجیتاڵی.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی دیجیتاڵکردنی دامودەزگا حکومییەکانی برده بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین، زیادکردنی شەفافیەت و ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی سووتەمەنی لە سنوورەکەدا.
ئەمڕۆ هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیستەمی ئەلیکترۆنی لە زۆربەی فەرمانگەکانی سنووری سۆران جێگیر کراوە. ئەم سیستەمە کە لە کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی ئاشتی و فێرکاری دەستی پێ کردبوو، ئێستا تەواوی فەرمانگەکان دەگرێتەوە و کاتی ڕاییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییانی بۆ کەمتر لە 30 چرکە کەم کردووەتەوە، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نەهێشتنی ڕۆتین و زیادکردنی خێرایی لە کارەکاندا هەیە.
سەبارەت بە دۆخی سووتەمەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران ئاماژەی بەوە دا، حکومەت لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین و دابەزاندنی نرخەکان. ههروهها ئاشكرای كرد، كه سیستەمێکی نوێی کارتی ئەلیکترۆنی بۆ دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەت جێگیر کراوە، سەرەتا بۆ پاس و تەکسییەکان دەبێت و پاشان هەمووان دەگرێتەوە. ئەم هەنگاوە بۆ ڕێگریکردنە لە قۆرخکاری و دڵنیابوونەوە لەوەی سووتەمەنی بە دادپەروەری دەگاتە دەستی هاووڵاتییان.
هەڵگورد شێخ نەجیب باسی لەوەش کرد، پشکی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان بەپێی ستاندارد و ڕێژەی دانیشتووان، زیاتر لە 126 هەزار و 700 بەرمیل نهوته، بەڵام کێشەی تێچووی دەرهێنانی نەوت کە حکومەتی ناوەندی بۆ هەرێمی دابین ناکات، بووەتە بارگرانی و هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی نرخەکان.
لەلایەکی دیکەوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران تیشکی خستە سەر کەرتی وزە و ڕایگەیاند، گرفتە ئەمنییەکانی کێڵگەی کۆرمۆر و وەستانی کارەکانی کۆمپانیای دانا گاز، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا و گاز دروست کردووە.
ئهمه لهكاتێكدایه، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، دروشمی دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بنبڕکردنی ڕۆتینی وەک کارنامەی سەرەکیی خۆی دیاری کردووە و ئیدارەی سۆران یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین هەنگاوی کرداریی تێدا نراوە.