دزانی قاسە گەورەکەی کەلار دەستگیر کران
قاسەی ماڵەکە گەڕایەوە؛ وردەکاریی دەستگیرکردنی باندەکەی كهلار.
هێزەکانی پۆلیسی گەرمیان توانییان باندێکی 3 کەسیی دەستگیر بکەن، کە هەستابوون بە دزینی قاسەی ماڵێک لە قەزای کەلار، کە بڕێکی زۆر پارە، زێڕ و چەکی تێدا بووە.
ئەمڕۆ عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە گەڕەکی شەهیدانی قەزای کەلار سکاڵای تۆمار کرد و پۆلیسی ئاگادار کردەوە کە قاسەی ماڵەکەی دزراوە، مەفرەزەکانی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێکرد و لە ماوەیەکی کورتدا توانییان 3 تۆمەتبار دەستگیر بکەن.
به گوتهی سۆران محەممەد، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە کە بڕی 7,500 دۆلار، دەمانچەیەک و چەند پارچە زێڕێکیان لە ناو قاسەی سکاڵاکارەکەدا دزیوە. هەروەها پۆلیس دەستی بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گرتووە کە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکە بەکار هاتووە و لە ئێستادا سەرجەم کەرەستە دزراوەکان گەڕێندراونەتەوە.
بهپێی زانیارییهكان، هەرسێ تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی و بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.