پەیامێکی بەپەلەی سەرۆکوەزیران بۆ خەڵکی کوردستان
سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی، لهبارهی چهندین پرسی گرنگ و ههستیارهوه بێدهنگی شكاند و قسهی خۆی كرد.
سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی، پەیامێکی دڵنیایی و پڕ لە متمانەی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد و جەختی لەسەر تێپەڕاندنی هەموو ئەو قەیرانە دارایی، ئەمنی و خزمەتگوزارییانە کردەوە کە لەم ماوەیەی دواییدا ههرێمی كوردستانی گرتووەتەوە.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکاندایە و بەشێک نییە لە گرژییەکانی ناوچەکە.
ئەو سوپاسی خۆڕاگری و تێگەیشتنی خەڵکی کوردستانی کرد و بەڵێنی دا کە وەک چۆن لە ڕابردوودا قەیرانی گەورەتریان تێپەڕاندووە، بە هەمان شێوە ئەم قۆناغە سەختە و کێشەکانی سووتەمەنی و کارەباش تێدەپەڕێنن.
سەرۆکوەزیران بە وردی تیشکی خستە سەر کێشەی بەنزین و کارەبا. ئاماژەی بەوە کرد کە گرانبوونی نرخی بەنزین و سووتەمەنی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دۆخی ئەمنی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە هەیە.
مەسرور بارزانی ڕەخنەی لە حکومەتی فیدراڵی گرت کە تێچووی دەرهێنانی نەوت بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم دابین ناکات، لە کاتێکدا ئەو تێچووە بۆ ناوچەکانی تری عێراق خەرج دەکرێت. هەروەها جەختی کردەوە کە پشکی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان لە سووتەمەنی بەپێی ڕێژەی دانیشتووان، دەبێت زیاتر لە 126 هەزار و 700 بەرمیل بێت، بەڵام پێشتر ڕێژەیەکی زۆر کەمتر دەنێردرا کە ئەمەش نادادپەروەرییە.
سەبارەت بە کەرتی کارەبا، سەرۆکوەزیران دووپاتی کردەوە کە پڕۆژەی (ڕووناکی) بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەهۆی هێرشە ئەمنییەکان بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر و ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای دانا گاز، بەرهەمهێنانی گاز و کارەبا کەمی کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئاستێکی زۆر باشدایە و هەماهەنگی بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و بودجە و سیستەمی ئەسیکۆدا بەردەوامە.
مەسرور بارزانی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد بە خێرایی پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزاری کە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بێت.
له كۆتاییدا سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی، هاووڵاتییانی ههرێمی كوردستانی دڵنیا كردهوه كه قهیرانی سووتهمهنیش به پشتیوانی و خۆڕاگری خهڵكی كوردستان تێدهپهڕێت.