مهسرور بارزانی لهبارهی بهنزینهوه بڕیاری دا
وردهكاریی بڕیارهكانی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی لهبارهی جێگیركردنی نرخی بهنزین
سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ چارەسەرکردنی كێشهی کەمیی بەنزین و سووتەمەنی کرد و زنجیرەیەک بڕیاری گرنگی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و جێگیرکردنی نرخەکان دەرکرد.
ئەمڕۆ مهسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە لە زووترین کاتدا چارەسەری کێشەی کەمیی بەنزین بکەن.
بەپێی بڕیارە نوێیەکانی سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی، نرخی بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو بە هەمان نرخی ئێستا دەمێنێتەوە و تەنیا لەو بەنزینخانانە دابەش دەکرێت کە پابەندی ڕێنماییەکانن. هەروەها بڕیار درا پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی سوپەر و موحەسەن بکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ بازاڕ بگونجێت و ڕێگری لە قازانجی ناڕەوا و قۆرخکاری بکرێت.
لە بەشێکی تری بڕیارەکاندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات بڕی ناردنی نەوتی خاو بۆ هەرێم لە 50 هەزار بەرمیلەوە بۆ 126.7 هەزار بەرمیل زیاد بکات، کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ڕێژەی 12.67%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان. هاوکات ئاسانکاری بۆ هێنانی ئەو ماددە کیمیاییانە دەکرێت کە لە دروستکردنی بەنزیندا بەکاردێن، تا پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی خێراتر بێت.
له كۆتاییدا سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی گوتی: "دهبێت ڕێگریی لە قۆرخکاریی لە بواری سووتەمەنی و بە تایبەتی بەنزین بکرێت."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی سووتەمەنی، كار بۆ ئهوه دهكات بەرهەمەکان بە نرخێکی گونجاو بگەنە دەستی هاووڵاتییان.