داواکاری گشتی هۆشداریی تووند دەداتە حزبە سیاسییەکان
داواکاری گشتی: پێویستە حزبەکان هەرچی زووە بۆ پێكهێنانی حكومهتێكی خزمهتگوزار ڕێک بکەون.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی دۆخی چەقبەستووی سیاسی و یاسایی هەرێم دەربڕی و هۆشداریی دا کە پەککەوتنی دامەزراوە دەستوورییەکان زیانی گەورە بە ژیان و مافەکانی هاووڵاتییان دەگەیەنێت.
ئەمڕۆ یەکەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، مانەوەی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژ بەبێ پەرلەمانێکی کارا و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت گرفتێکی قووڵی یاساییە.
داواکاری گشتی داوای لە تەواوی حزبە براوەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد بە زووترین کات کۆ ببنەوە و کۆتایی بەم بۆشاییە سیاسی و یاساییە بهێنن. هەروەها داوا کرا دەسەڵاتی دادوەری و دادگای پێداچوونەوە لە ململانێی حزبی دوور بخرێتەوە و دەست بە کارەکانی خۆیان بکەنەوە بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییان.
لە بەیاننامەکەدا جەخت کرایەوە کە تا پێکهێنانی کابینەی دەیەم، بەردەوامبوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕاییکردنی کاروباری کارگێڕی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دابینکردنی ئاسایش، پێویستییەکی دەستووری و یاساییە.
ئەم هۆشدارییەی داواکاری گشتی لە کاتێکدایە کە بەهۆی ململانێیە سیاسییەکانەوە، پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دەستبەکاربوونی پەرلەمان دوا کەوتووە، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر زۆربەی سێکتەرە گرنگەکانی هەرێم دروست کردووە.