عەبە مەخمووری کەیسەکەی دۆڕاند
عەبە مەخمووری و سزا دارایییەکەی دادگا؛ هەموو ڕاستییەکان لێرەیە.
دادگای کەتنی مەخموور بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی عەبدولجەبار جەلال، ناسراو بە عەبە مەخمووری دەرکرد و بەهۆی نەبوونی بەڵگە بۆ تۆمەتەکانی، سزای دارایی بەسەردا سەپاند.
ئەمڕۆ بەڵگەنامەیهكی فەرمی دهست پایتهخت میدیا كهوتووه و تیایدا هاتووه، كه عەبدولجەبار جەلال پێشتر سکاڵای لەسەر چەند پڕۆژەیەکی حکوومەت لە مەخموور کردوه و ئیدارەی ناوچەکەی بە گەندەڵی تۆمەتبار کردبوو، لە دادگا کەیسەکەی دۆڕاندووە.
بهپێی زانیارییهكان، دادوەر بڕیاری داوە ناوبراو بە بڕی 500 هەزار دینار سزا بدرێت، چونکە نەیتوانیوە هیچ بەڵگەیەکی دروست بۆ سەلماندنی تۆمەتەکانی پێشکەش بە دادگا بکات.
ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە هات کە پێشتر بەڕێوەبەری شارەوانیی مەخموور سکاڵای یاسایی لەسەر عەبە مەخمووری تۆمار کرد، بەو پێیەی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا تۆمەتی بێ بنەمای ئاراستەی ئیدارەی ناوچەکە کردبوو. لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە کە قسەکانی ناوبراو نەشیاو بوون و هیچ ئەسڵ و ئەساسێکیان نەبووە. پێشتر چەندین جار ئاگاداری ناوبراو کرابووەوە کە واز لە تۆمەتە بێ بنەماکانی بهێنێت، بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
عەبە مەخمووری پێشتر چەندین جار هێرشی کردبووە سەر بەرپرسانی ناوچەکە و باسی لەوە کردبوو کە زەوییەکانی مەخموور بە ناڕەوا دابەش کراون، بەڵام دواجار دادگا ئەو قسانەی ڕەت کردەوە.
