مامۆستا سۆران وهڵامی دهنگۆیهكانی دایهوه
بۆ یەکەمجار مامۆستا سۆران وردەکاریی هاوبەشەکانی له چێشتخانهكهی بڵاو کردهوه.
دوای ئەوەی لە شاری هەولێر، مامۆستایەکی بەناوبانگی ئایینی چێشتخانەیەکی کردەوە، دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە کە تێچووی کردنەوە و ئامادەکارییەکانی بڕی 500 ههزار دۆلاری تێچووە، بەڵام لە ڕوونکردنەوەیەکدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە.
ئەمڕۆ مامۆستا سۆران عەبدولکەریم، مامۆستا و بانگخوازی ئایینی، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تەواوی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە کردنەوەی چێشتخانەیەک بە بڕی 500 هەزار دۆلار دەکەن، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ئەو بانگەشانە دوورن لە ڕاستی و تەنیا بۆ مەبەستی ناوزڕاندن و شکاندنی کەسایەتیی ئەو بڵاو دەکرێنەوە.
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، پڕۆژەی کۆمەڵگای خان و مان و چێشتخانەی نان و نمەک لە ڕێککەوتی 27-2-2026 بە هاوبەشی لەگەڵ 3 کەسی تر و بە تێچووی 150 هەزار دۆلار دروست کراوە، نەک ئەو بڕە خەیاڵییەی لە ناو خەڵکدا باس دەکرێت.
مامۆستا سۆران ڕایگەیاندووە کە ئەو هاوبەشانەی، کەسانی کاسبکارن و تەنانەت یەکێکیان بۆ دابینکردنی سەرمایەی پڕۆژەکە، خانوو و ئۆتۆمبێلی خۆی فرۆشتووە و ئێستا لە خانووی کرێدا دەژیت.
مامۆستا سۆران عەبدولکەریم جەختی لەوە کردەوە کە ئەو مامۆستایە لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە و بەهۆی کەمیی مووچە و بژێوی ژیان و تێچووی دەرمان و دکتۆر، بڕیاری داوە دەست بداتە کاسبی تا موحتاجی دەستی کەس نەبێت.
ئەو مامۆستایە هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پیشەی مامۆستای ئایینی نابێت ڕێگر بێت لەوەی کەسەکە بە عارەقی ناوچەوانی خۆی بژێویی ژیانی دابین بکات و عیزەتی نەفسی خۆی بپارێزێت.
مامۆستا سۆران عەبدولکەریم پێشتر بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ ماوەیەک دەنگی لەدەست دابوو و لە ئێستادا لە قۆناغی چاکبوونەوەدایە، بۆیە داوای لە هاووڵاتییان کرد وەک کاسبکارێکی ئاسایی سەیری بکەن نەک وەک بەرپرس یان بازرگانێکی گەورە.