نرخی بەنزین لە ئێران بەرز دەبێتەوە
نرخی بهنزین له ئێران، بهشێوهیهكی بهرچاو ڕوو له بهرزبوونهوه دهكات و ههرایهكی گهورهشی لێ دهكهوێتهوه.
دوای چەند مانگ و بەهۆی بەردەوامیی شەڕی ئێران و ئەمریکاوە، ژێرخان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی وزە لە سەرانسەری ئێران پەکیان کەوتووە، کڕینی بەنزینیش بە نرخی ئاسایی و وەک پێشتر لای خەڵکی ئەو وڵاتە بووەتە خەونێکی گەورە، سەرەڕای ئەمانەش، کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا دەیەوێت نرخی بەنزین لەوەی کە هەیە گرانتر بکات.
فاتمە موهاجەرانی، گوتەبێژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دەستووری کارماندایە، کە نرخی بەنزین لە سەرانسەری ئێران بەرزتر بکەینەوە، ئێمە پێمان خۆشە و دەمانەوێت ئەم کارە بکەین، چونکە دۆخی ئێستای ئێران وادەخوازێت و ناچارین بەنزین یان بە گرانتر بفرۆشین، یان دابەشکردنی کەمتر بکەینەوە.
بەرزکردنەوەی زیاتری نرخی بەنزین لە ئێران و ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە لەلایەن گوتەبێژی حکومەتی ئەو وڵاتەوە، کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە لە دۆخی ئێستای ئێراندا، کە لەژێر شەڕی ئەمریکادایە و ڕۆژانە نرخی دراو و پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک بەرز دەبێتەوە، گرانبوونی بەنزینیش ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر گوزەرانی خەڵکی ئەو وڵاتە.
لە ئێران دوو جۆری بەنزین بوونیان هەیە، یەکەمیان بە شێوەی گشتی و بازرگانییە، کە نرخەکەی لەنێوان 3 تا 6 هەزار تومەنی ئێرانییە، جۆری دووەمیش بریتییە لە بەنزینی حکومی، کە مانگانە لە 60 لیترەوە تاوەکو 100 لیتر بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک ڕێگەپێدراوە و نرخەکەی لەنێوان 1500 تا 3 هەزار تومەن دەبێت.