پەرلەمانتارێکی دیکەی عێراق سزا درا
بەهۆی سەرانە وەرگرتن و بەرتیل، پەرلەمانتارێکی دیکەی عێراق سزا درا.
دادگای کەتنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا، بە تۆمەتی سەرانەسەندن و وەرگرتنی بەرتیل، سزای زیندانیکردنی تووندی بەسەر ئەندامی پەرلەمانێکی عێراقدا سەپاند.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگەیاند، دادگای کەتنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا، سزای 2 ساڵ زیندانیکردنی تووندی بەسەر حەسەن خەفاجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراقدا سەپاند، ئەمەش بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی سەرانەسەندن و وەرگرتنی بڕی 500 هەزار دۆلار، لەگەڵ ناچارکردنی خاوەنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی 'حەورای بەغدا' بۆ تۆمارکردنی ڕێژەی 40٪ـی پڕۆژەکە بە ناوی یەکێک لە کارمەندانی نووسینگەکەی خۆیەوە.
دادگا دوای پێداچوونەوە بە بەڵگەکانی دۆسیەکە، کە بریتی بوو لە دانپێدانانی تۆمەتبارێکی تر (ئەنوەر سەباح عەبدولسادق)، بۆیە بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ماددەی (452/1) لە یاسای سزادانی عێراقی، حوکمی خۆی دەرکرد و سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بەسەر تۆمەتباران سەپاند.
حەسەن قاسم موحەممەد خەفاجی، بازرگانێکی ناسراوی بەغدایە کە لە ڕێگەی کارکردن لە کەرتی تایبەت، بازرگانیی زێڕ و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە سەرمایە و ناوبانگی کۆکردووەتەوە، ناوبراو لە ساڵی 2022دا و دوای دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی ڕەوتی سەدر، وەک شوێنگرەوە چووە ناو پەرلەمانی عێراق و پۆستی سەرۆکی لێژنەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی وەرگرت.
سزادانی ئەم پەرلەمانتارە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی دادوەریی دێت بۆ بنبڕکردنی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، لەم ساڵانەی دواییدا، عێراق ڕووبەڕووی شەپۆلێکی تووندی گەندەڵیی دارایی بووەتەوە، حوکمەتی عێراقیش لە ڕێگەی دەستەی دەستپاکی و دادگاکانەوە، لێکۆڵینەوەی لە دەیان دۆسیەی بەرپرسانی باڵا دەست پێ کردووە.