خانمان بە لێشاو واز دەهێنن
بڕیارێکی یەکلاکەرەوە درا؛ دوو ئەندامی سەرەکی نەوەی نوێ حزبەکەیان جێهێشت
شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی ڕیزەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پارێزگای هەولێر دەهەژێنێت و کادیرە باڵاکانی ئەو حزبەش بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە دەنگی هاووڵاتییان و ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نهێنی، وازهێنانی یەکجارەکی خۆیان ڕادەگەیەنن.
ئەمڕۆ شەیما تەحسین حسین، پەرلەمانتار و بەرپرسی خانمانی نەوەی نوێ لە پارێزگای هەولێر، لەگەڵ بۆژانە مشیر عومەر، کاندیدی دەرنەچووی پێشووی پەرلەمان لەسەر لیستی نەوەی نوێ لە هەولێر بڵاویانکردەوە، هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەییان بەو جوڵانەوەیەوە نەماوە.
ناوبراوان لە بەیاننامەکەیاندا ناڕەزایەتی تووندی خۆیان لەسەر ڕێککەوتنی پشت پەردەی حزبەکە لەبارەی زیندانیان دەربڕی و ئیدانەی فرۆشتنی 300 هەزار دەنگی دەنگدەرانیان کرد، کە بە گوتەی ئەوان تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی شاسوار عەبدولواحید بووە.
ئەم ناکۆکی و دەستلەکارکێشانەوانە لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین کەسایەتی و بەرپرسی ناوخۆیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەهۆی ناڕەزایەتی لە شێوازی بەڕێوەبردن و بڕیارە سیاسییەکانی سەرکردایەتی حزبەکە، ڕیزەکانی ئەو جوڵانەوەیەیان جێهێشتووە.