Banner
پایتەخت

بەردی بناغەی ڕێگەیەکی نوێ لە هەولێر داندرا

 بەردی بناغەی ڕێگەیەکی نوێ لە هەولێر داندرا
کورتە

لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی شەقامێکی نوێ بۆ هاووڵاتییان داندرا.

بە گوژمەی نزیکەی 5 ملیار دینار، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی شەقامێکی 20 مەتری و ئاوەڕۆی کۆنکرێتی لە هەولێر داندرا.

ئەمڕۆ هەر یەک لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایانگەیاند، بە گوژمەی 4 ملیار و 772 ملیۆن و 995 هەزار دینار لەسەر بودجەی حوکمەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی شەقامێکی 20 مەتری و ئاوەڕۆی سندووقی کۆنکرێتیان بۆ شەقامێکی ڕێگەی (هەولێر - پیرمام) دانا.

پڕۆژەکە پێکهاتووە لە: دروستکردنی شەقامێکی 20 مەتریی نوێ بە شێوازێکی هاوچەرخ بە درێژیی 870 مەتر، دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی کۆنکرێتی بە درێژیی 1580 مەتر، لەگەڵ چەندین بڕگەی جۆراوجۆری دیکەی خۆڵکاری، پڕکردنەوە، بڕین، تێکەڵە، ڕاخستنی بەردی شکاو، کیربستۆن، قیرتاوکردن و دروستکردنی شۆستە بە ڕووبەری 7200 مەتر دووجا.

ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە ستراتیژییە، ڕۆڵێکی بنەڕەتی و گرنگ دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاوی باران و ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی لافاو لە ناوچەکەدا، ئەمەش هاوکارێکی گەورە دەبێت بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی شایستە و مۆدێرنی دیکە بۆ دانیشتووانی شاری هەولێر.

23 تەمموز 2026 12:32
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026