بەم هۆکارە مامەڵەکردن بە زەوی ڕاگیراوە
فەرمانبەران و خانەنشینان ئاگادار دەکرێنەوە، کە مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانیان نەکەن.
سەرۆکایەتی شارەوانی کفری مامەڵەکردنی بە زەویی دابەشکراوی فەرمانبەران و خانەنشینانەوە ڕاگرت، هۆشداریی دا کە سەرپێچیکاران خۆیان بەرپرسیاریەتی یاساییەکەی دەگرنە ئەستۆ.
ئەمڕۆ سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرجەم ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی زەوییان وەرگرتووە، نابێت بە هیچ شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانیانەوە بکەن تاوەکو تەواوبوونی تەواوی مامەڵە یاسایی، ئیداری و هونەرییەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری هەر کەسێک سەرپێچی بكات و مامەڵە بەو زەوییانەوە بکات، خۆی بەرپرسیاریەتیی یاسایی و ئیدارییەکەی دەگرێتە ئەستۆ.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە 242ی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوە دەچێت، کە لە 27ـی ئاداری 2024 دەرچووە؛ بەپێی بڕیارەکە هەر فەرمانبەرێک پێشتر سوودمەند نەبووبێت و خزمەتی لە 8 ساڵ کەمتر نەبێت، مافی وەرگرتنی زەوی هەیە.