فەردە ئاردە خراپ بووەکان گەڕێندرانەوە
هۆکاری گەڕاندنەوەی زیاتر لە 700 فەردە ئارد لە سەروچاوە ئاشکرا کرا.
دوای ئەوەی دەرکەوت ئاردی بریکارەکان لە ناحیەی سەروچاوە ئەسپێی لێ داوە، زیاتر لە 700 فەردە ئارد گەڕێندرایەوە سلێمانی.
قایمقامیەتی قەزای ڕانیە بڵاویکردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا بەپێی ڕاسپاردەی قایمقامی قەزای ڕانیە، لێژنەی هاوبەشی بریکاری ئارد و خۆراک بە یاوەریی بەشی ئابووری لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕاپەڕین، نوێنەرانی بەشی خۆراک و ئاسایشی سەروچاوە، بەدواداچوونیان بۆ ئاردی بریکارەکانی خۆراک لە ناحیەی سەروچاوە کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی قایمقامیەتی قەزای ڕانیە، لە بەدواداچوونەکاندا دەرکەوت ئاردەکە ئەسپێی لێ داوە و شیاوی بەکارهێنان و نانکردن نییە، بەوهۆیەوە 735 فەردە ئارد گەڕێندرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دروستکراوی دانەوێڵە لە پارێزگای سلێمانی.
قایمقامیەتی قەزای ڕانیە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بەرامبەردا ئاردی جۆری باشتر گەیەندراوەتەوە بە بریکارەکانی ئارد لە سەروچاوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت.