سعودییە کارگەی پیتاندنی یۆرانیۆم دروست دەکات
هەردوو وەزیری وزەی سعوودیە و ئەمریکا، ڕێککەوتنێکی نوێیان لە بواری ئەتۆمیدا واژوو کرد.
لە نوێترین هەوڵە بەردەوامەکانی وڵاتی سعودییە بۆ بەرەوپێشچوون، ڕێککەوتنێکی هاوبەشی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتی ئەمریکادا واژوو کرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی AFP ڕایگەیاند، دوێنێ لە ڕێکەوتی 22ی تەممووزی ئەمساڵدا، کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا و عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودییە، ڕێککەوتنێکی هاوکاریی ئەتۆمییان کە ناسراوە بە ڕێککەوتنی '123' واژوو کرد.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەم دوو ڕێککەوتنە پێکەوە بناغەی یاسایی بۆ هاوبەشییەکی چەند ملیار دۆلاری و دەیان ساڵە دادەنێن، کە چەندین ئامانجی ئابووری و ستراتیژیی لەپێشینە پێش دەخات، لەنێویاندا بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی.
جێگەی سەرنجە، ڕۆژنامەی ئەمریکیی واڵستریت جۆرناڵ دەڵێت: "یەکێک لە خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە بریتییە لەوەی، کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە دوای تەواوکردنی توێژینەوەیەکی هاوبەش، بۆیان هەیە کارگەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە سعودییە دروست بکەن."
لە بەرامبەردا، بەرپرسانی وڵاتی ئیسرائیل دژایەتیی خۆیان بۆ هەر پڕۆژەیەکی ئەتۆمی دەربڕیوە کە بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان ئەنجام بدرێت؛ ئەوان ترسیان لەوە هەیە کە لە کۆتاییدا پڕۆژەکە لە بابەتێکی ئاشتیانەوە بگۆڕدرێت بۆ پڕۆژەیەکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی مێژوویی هاوکاریی ئەتۆمی لەگەڵ سعودییە تەنیا دەبێتە هۆی بەرنامەیەکی ئەتۆمی ئاشتیانە. ناوبراو لە پەراوێزی لووتکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە مانیلا قسەی کرد و گوتی: "هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ هەر وڵاتێکی جیهان سەبارەت بە وزەی ئەتۆمی ئەنجام بدەین، ڕێوشوێنی پارێزراو لەخۆدەگرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ناتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ بەرنامەی چەک".