مووچە دابەش دەکرێت
مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی پەروەردە و خوێندنی باڵا خەرج دەکرێت.
وەزارەتی دارایی لە هەوڵی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆیی پارێزگاکاندایە تا لە هەفتەی داهاتوودا، کاتی دابەشکردنی مووچەی زیاتر لە 42 هەزار مامۆستای گرێبەست ڕابگەیەنێت.
عەلی ڕەئووف، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە لەگەڵ وەزارەتی دارایی قسەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ کاتێک بە فەرمی دیاری نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە محەممەد نەجیب، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەستی خوێندنی باڵا بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، وەزارەتی دارایی بەڵێنی داوە هەفتەی داهاتوو مووچە دابەش بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە جەختی لەوە کردەوە، هەفتەی داهاتوو مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا و پەروەردە دابەش دەکرێت.
مووچەی سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت، کە ژمارەیان پێک دێت لە 37,933 مامۆستا لە وەزارەتی پەروەردە، 4,100 مامۆستا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەگەڵ زیاتر لە 30,000 فەرمانبەری گرێبەست لە وەزارەتەکانی دیکە.