ڕوونکردنەوەی وەزارەتی دارایی لەسەر بانکی نیشتیمان
وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی لێدوانی هەندێک لایەن لەبارەی بانکی نیشتیمان، ڕوونکردنەوە دەدات.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمان بڵاو کردەوە و وێڕای ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان لە هەواڵە ناڕاستەکان، جەختی کردەوە کە پڕۆژەکە لە قۆناغی جێبەجێکردن دایە و پڕۆسەی هەڵسەنگاندن و دامەزراندنی کارمەندان بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی و ڕاسپێردراوی وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان ڕایگەیاند، ماوەیەکە چەندین هەواڵ و لێدوانی ناڕاست و زیادەڕۆیی لەسەر هەنگاوەکانی دامەزراندنی بانکی نیشتمان بڵاو دەکرێنەوە، کە گوزارشت لە ڕاستی ناکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئێستادا پڕۆژەکە لە قۆناغی جێبەجێکردن دایە و تاقیکردنەوە و چاوپێکەوتن بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبەران، یاریدەدەران و کارمەندان لە ئارادایە، هەروەها جەخت کراوەتەوە کە سەرجەم پێشهاتەکان بە شێوەیەکی فەرمی لە لاپەڕەی وەزارەتی دارایی بڵاو دەکرێنەوە و وەزارەتەکە بەرپرسیار نییە لە هەر لێدوانێکی دەرەکی، کە تەنها گوزارشت لە ڕای تایبەتی خاوەنەکەی دەکات.
دامەزراندنی بانکی نیشتمان وەک بەشێک لە ستراتیژیەتی چاکسازیی حکومەت لە کەرتی دارایی و بانکی سەیر دەکرێت، کە ئامانجییەتی ژێرخانێکی بەهێزی ناوخۆیی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان دابین بکات.