بریندارێکی دیکەی ڕووداوەکەی ڕێگەی شەقڵاوە گیانی لەدەستدا
ڕووداوە سامناکەکەی ڕێگای شەقڵاوە قوربانیی سێیەمی لێکەوتەوە.
گیان لەدەستدانی یەکێک لە بریندارانی ڕووداوە سەختەکەی ڕێگای شەقڵاوە دوای دوو هەفتە لە ململانێی مەرگ لە نەخۆشخانە ڕاگەیەندرا.
ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە خێزانی بریندارێکی ڕووداوێکی هاتووچۆی سەر ڕێگەی شەقڵاوە بڵاوی کردەوە، بیلال لەزگین سێلکی مزوری، کە پێش دوو هەفتە لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە ڕێگای شەقڵاوە بە سەختی بریندار بووبوو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە ژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا گیانی لەدەستدا.
ئەو ڕووداوە دوو هەفتە لەمەوبەر بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلی قوربانییەکان لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی گەشتیارانی عەرەب ڕوویدا، کە تێیدا دایکی بیلال و شۆفێری ئۆتۆمبێلە گەشتیارییەکە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا و بە کۆچی دوایی بیلالیش ژمارەی قوربانییەکان گەیشتە 3 کەس.