زیاتر لە یەک ملیار دیناری دیکەی پەیوەندیدار بە کەیسەکەی عەدنان جومەیلی دەستی بەسەردا گیرا
تا دێت گەندەڵییەکانی عەدنان جومەیلی زیاتر ئاشکرا دەبن، ئەمجارە بڕێکی دیکەی پارە و زێڕ دۆزرانەوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی لە دۆسیەی گەندەڵیی بریکاری پێشووی وەزیری نەوت، دەستی بەسەر بڕێکی زۆری نوێی پارە و زێڕی تۆمەتبارەکەدا گرت.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لە نوێترین لێکۆڵینەوەدا لە دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت، بە هاوکاریی دادگای کەرخی 2، بڕی 1 ملیار و 143 ملیۆن و 847 هەزار و 19 دیناری عێراقییان کە بە شێوەیەکی ساختە بەدەست هێنابوو، وەرگرتەوە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونکراوەتەوە، دەست بەسەر بڕی 13 ملیار دیناری عێراقی و 400 هەزار دۆلاردا گیراوە، هەروەها 40 قالبی زێڕی یەک کیلۆیی لەگەڵ 5 کیلۆگرام زێڕی خشڵی دیکەش دۆزرایەوە، کە لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای سەڵاحەدین حەشار درابوون.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ڕوونیشی کردەوە، تا ئێستا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی عەدنان جومەیلی بەردەوامە و لە کاتی دۆزینەوەی هەر بڕە پارەیەک یان زێڕێکی نوێدا، بە مەبەستی شەفافییەت، هەموو داتا و زانیارییەکان بۆ ڕای گشتی دەخەنەڕوو.