ئێران بۆ ئەمریکا: بە هانای کەشتییەکانی گەرووی هورمزەوە وەرە
کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمز مینی پێدا تەقییەوە و دەسووتێت.
دووبارە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز مینی پێدا تەقییەوە و ئێران هەڕەشەی نوێ لە کەشتییەکان دەکات.
ئەمڕۆ ئاژانسی مێهر نیوز لە زاری سوپای پاسداران ڕایگەیاند، سێ کەشتی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە هاندراون تا ڕێگە مینڕێژکراوەکان بۆ تێپەڕبوون بەکار بهێنن، بەڵام یەکێکیان گڕی گرت و دووەکەی دیکەش بە خێڕایی ڕێڕەوی خۆیان گۆڕی.
لەبارەی ژمارەی بریندار و دۆخی کارمەندانی سەر کەشتییە گڕگرتووەکە، سوپای پاسداران هیچ زانیارییەکی نەخستووەتەڕوو.
سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، گەرووی هورمز بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی "تاوانەکانی ئەمریکا" لە ناوچەکە کۆتاییان پێ دێت، هیچ کەشتییەک ناتوانێت بەبێ هەماهەنگی کردن لەگەڵ کۆمار ئیسلامی ئێران گەرووەکە تێبپەڕێنێت، هەر کەشتییەکیش لەلایەن ئەمریکاوە بۆ تێپەڕبوون فریو بدرێت، تووشی هەمان چارەنووس دەبێتەوە.
سوپای پاسداران لە پەیامەکەی دا داوا لە ئەمریکا دەکات لە خستنە مەترسی کەشتییە بازرگانییەکان و یاریکردن بە ئاسایشی وزەی جیهان بووەستێت، جەختیشی کردەوە کە دەستوەردانی بەردەوام لەم پرسانەدا شکستێکی گەورەیان بەسەردا دەهێنێت و بەم زووانەش "هێرشی "تۆڵە" لە وەڵامی نوێترین ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا هەڕەشەی ئەوەی کرد، کە لە وەڵامی هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکان، پرد و وێستگەکانی کارەبای ئێران وێران دەکەن.
لە 18-7-2026 تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە ئاشکرای کرد، بۆیەکەمجار دوو کەشتی نەوتهەڵگر بە ناوچە مینڕێژکراوەکانی گەرووی هورمزدا تێپەڕین و تەقینەوە، بەڵام فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا هەواڵەی ڕەت کردەوە.