Banner
پایتەخت

کۆمپانیای عەلی ئێکسپرێس بەسەدان ملیۆن دۆلار سزا درا

کۆمپانیای عەلی ئێکسپرێس بەسەدان ملیۆن دۆلار سزا درا
کورتە

بەهۆی فرۆشتنی کاڵای نایاسی کۆمپانیای عەلی ئێکسپرێس سزا درا.

یەکێتیی ئەوروپا سزای دارایی قورسی بەسەر کۆمپانیای فرۆشتنی ئۆنلاینی عەلی ئێکسپرێس دا سەپاند، ئەمەش دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا بە ڕێگەدان بە فرۆشتنی کاڵای نایاسایی و ناپارێزراو لەسەر پلاتفۆرمەکەی، سزاکە بەهای سەدان ملیۆن دۆلارە.

ئەمڕۆ یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، بەهۆی ڕێگەدان بە فرۆشتنی کاڵای قەدەغەکراو وەک، یاریی منداڵان و کەرەستەی جوانکاریی ناپارێزراو، سزای دارایی بە بڕی 550 ملیۆن یۆرۆ (کە دەکاتە 629 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی) بەسەر پلاتفۆرمی عەلی ئێکسپرێسدا سەپاند.

 هێنا ڤیرکونێن، بەرپرسی تەکنەلۆجیای یەکێتیی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پێویستە مەترسییەکان بە شێوازێکی ورد دەستنیشان بکرێن و چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی بەکاربەران بە سەلامەتی بازاڕی بکەن، ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا ئەوان عەلی ئێکسپرێس ناچار دەکەن پابەندی ئەم پێوەرانە بێت و داوای لێ دەکەن ڕێوشوێنی بەپەلە بگرێتە بەر.

یەکێتیی ئەوروپا لە چەند ساڵی ڕابردوودا یاسای تووندی بۆ ڕێکخستنی کارەکانی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە گەورەکان دەرکردووە تاوەکو ڕێگری لە فرۆشتنی کاڵای نایاسایی و ناڕەسەن بکات. ئەمە یەکەم جار نییە کە کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیا و فرۆشتنی سەر هێڵ ڕووبەڕووی سزای گەورەی لەم شێوەیە دەبنەوە لە ئەوروپادا.

عەلی ئێکسپریس، پلاتفۆرمێکی گەورەی بازرگانی ئەلیکترۆنیی چینییە و لە ساڵی 2010 لەلایەن کۆمپانیای عەلی بابا گرووپ دامەزرا، ئەم ماڵپەڕە ڕێگە بە کڕیاران دەدات لە سەرانسەری جیهان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە فرۆشیاران و بەرهەمهێنەرانی چینی کەلوپەل بکڕن و بەهۆی نزمی نرخەکانی و هەڵبژاردەی فراوانی بەرهەمەکان، یەکێکە لە گەورەترین بازاڕەکانی فرۆشتنی ئۆنلاین لە جیهان.

20 تەمموز 2026 15:05
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026