Banner
پایتەخت

زاناکان کۆدی پیرنەبوونیان دۆزییەوە

زاناکان کۆدی پیرنەبوونیان دۆزییەوە
کورتە

چۆن بە بێ پیربوون بژین؟ زانست وەڵام دەداتەوە

خەونی مرۆڤ بۆ گەنجییەکی هەمیشەیی و ڕێگریکردن لە پیربوون هەنگاوێکی گەورە بەرەو پێشەوە دەنێت، ئەوەش دوای ئەوەی زاناکان جۆرە مشکێکیان دۆزییەوە کە خاوەنی نهێنییەکی بایۆلۆژیی دەگمەنە. ئەم دۆزینەوە نوێیە هیوا بۆ پەرەپێدانی چارەسەری نوێ دەگەڕێنێتەوە کە دەتوانێت تەمەنی مرۆڤ درێژ بکات و لە نەخۆشییەکانی پیری بیپارێزێت.

 

ئەمڕۆ گۆڤاری زانستی (Science Advances) بڵاوی کردەوە، تیمێکی توێژەران لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی یێڵی ئەمریکی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە 'مشکی دڕکاوی زێڕین' کە لە باکووری ئەفریقا و نیمچە دوورگەی عەرەبی دەژی، خاوەنی کۆدێکی وەرسییان بۆ بەرگری لە پیربوون دۆزیوەتەوە. ئەم جۆرە مشکە نەک تەنیا لە هاوتەمەنەکانی خۆی زیاتر دەژی، بەڵکو تا کۆتایی تەمەنی توانای بەرگری و زیرەکیی خۆی بە تەواوی دەپارێزێت.

 

له‌ توێژینەوەکەدا ئه‌وه‌ هاتووه‌، سێ تایبەتمەندی سەرەکی لەم مشکەدا هەن؛ یەکەمیان برینەکانی بە خێرایی و بێ جێمانەوەی شوێن چاک دەبنەوە، کە ئەمە نیشانەی توانایەکی بەرزی نوێبوونەوەیە. دووەم، ڕژێنی تیموس کە بەرپرسە لە بەرگری لەش، بە پێچەوانەی زیندەوەرەکانی ترەوە لە کاتی پیربووندا تێک ناچێت و کارەکانی خۆی دەپارێزێت. سێیەم، توانای بیرەوەری و زیرەکییان وەک خۆی دەمێنێتەوە و تووشی سستی نابن.

 

به‌پێی گۆڤاره‌كه‌، زاناکان پرۆتینێکیان بە ناوی 'کڵەسترین' دۆزیوەتەوە کە بەرپرسە لەم نوێبوونەوەیە و تاقیکردنەوەیان لەسەر مشکی ئاسایی تاقیگە کردووە و ئەنجامی سەرسوڕهێنەری هەبووە.

 

زاناکان تێبینییان کردووە، ئەو مرۆڤانەی تەمەنیان لە 100 ساڵ زیاترە، ڕێژەیەکی بەرز لەم پرۆتینەیان لە جەستەدا هەیە. کاتێک ئەم ماددەیە بۆ مشکە تاقیگەییە ئاساییەکان دەرزی لێ دراوە، توانای جوڵە و تەندروستی ئەندامە ناوخۆییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە و نیشانەکانی پیربوونیان تێدا کەم بووەتەوە. هەروەها نیشانەی ئەرێنی لەسەر خانە سپییەکانی خوێنی مرۆڤیش بینراوە کاتێک خراونەتە بەر کاریگەری ئەم پرۆتینە.

 

مشکی دڕکاوی زێڕین جۆرە قرتێنەرێکی دەگمەنە کە بەوە ناسراوە دەتوانێت ئەندامەکانی جەستەی بە تەواوی نوێ بکاتەوە، ئەمەش وای کردووە ببێتە ناوەندی توێژینەوە پزیشکییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشییەکانی وەک ئەلزەهایمەر و هەوکردنی جومگەکان و پاراستنی گەنجی لە مرۆڤدا.

 

13 تەمموز 2026 11:38
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026