Banner
پایتەخت

جۆ ئەشقەر بە هەیفا وەهبی بەراورد دەکرێت

جۆ ئەشقەر بە هەیفا وەهبی بەراورد دەکرێت
کورتە

جۆ ئەشقەر باسی کاریگەری زیاد ڕەحبانی لەسەر نوێترین کاری هونه‌ری خۆی ده‌كات.

هونەرمەند جۆ ئەشقەر لە ڕێگەی نوێترین بەرهەمی مۆسیقی خۆیەوە بنەماکانی گوزارشتکردنی نەوەی نوێ دەخاتە بەر باس و ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ناو کایەی هونەری و زمانی ئاخاوتنی گەنجان دەدات. ئەم بەرهەمە کە گوزارشت لە واقیعی کۆمەڵایەتی دەکات، توانیویەتی سەرنجی ملیۆنان بینەر بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و ببێتە جێگەی گفتوگۆی ناوەندە هونەرییەکان.

 

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت دیدارێكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ جۆ ئەشقەر سازداوه‌ و له‌ زاری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌وه‌ بڵاوی کردەوە، له‌ گۆرانی 'عەیب وەڵەو' ڕاستەوخۆ ڕووی دەمی لە نەوەی نوێیه‌ و بە زمانی ئەوان دەدوێت. ئەو هونەرمەندە ڕایگەیاند، هەر نەوەیەک شێوازێکی تایبەتی بۆ دەربڕین و داهێنانی وشەی نوێ هەیە، هەر بۆیە کارەکەی بە ڕۆحێکی گەنجانە و نزیک لە زمانی شەقام داڕشتووە بۆ ئەوەی پەیامەکەی بە ڕوونی بگات.

 

ئەشقەر پێی وایە نەوەی ئێستا لە ڕووی هونەرییەوە ڕۆشنبیرن و بە دوای کاری جیاوازدا دەگەڕێن. ئەو ئاماژەی بەوە داوه‌، گۆڕانکارییەکی باش لە ئاستی بەرهەمە هونەرییەکاندا ڕوویداوە و نەوەی نوێ خاوەن زەوقێکی مۆسیقی بەرزن کە مەیلیان بەرەو ئاوازە ڕۆژهەڵاتییەکانە. سەبارەت بە بەراوردکردنی کارەکەی لەگەڵ گۆرانییەکی هەیفا وەهبی، ده‌ڵێت: "هەردووکیان لە لایەن ڕامی شەلهووبەوە نووسراون و دابەش کراون، کە کاریگەری شێوازی زیاد ڕەحبانییان پێوە دیارە و ئەمەش بە لای ئەوەوە کارێکی ئاسایی و جوانە."

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، جۆ ئەشقەر باسی لە ئەزموونی خۆی لە وڵاتی میسر و گۆرانی گوتن بە شێوەزاری کەنداوی کرد. وتی: "تەنیا ژمارەیەکی کەم لە هونەرمەندە لوبنانییەکان لە چڕینی گۆرانی بە شێوەزاری کەنداوی سەرکەوتوو بوون، وەک نانسی عەجرەم و ڕاغب عەلامە." هەر بۆیە ئەو پێی باشە بە شێوەزاری دایکی خۆی بەردەوام بێت، چونکە جەماوەری عەرەب حەز دەکەن هونەرمەند بە شێوەزاری ڕەسەنی خۆی ببیستن.

 

هەروەها بۆ ڕۆژنامه‌كه‌ ئاشكرای كردووه‌، لە ناوەندە هونەرییەکاندا جۆرێک لە واستە و مەحسوبیەت هەیە کە دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی هەندێک دەموچاو لە میهرەجانەکاندا.

 

جۆ ئەشقەر هونەرمەندێکی ناسراوی لوبنانییە و لە سەرەتای کارە هونەرییەکانییەوە بەوە ناسراوە کە بابەتە واقیعییەکان و زمانی سادەی خەڵک لە گۆرانییەکانیدا بەکاردەهێنێت. ئەو هەمیشە هەوڵی داوە خاوەن ناسنامەیەکی تایبەت بێت و ئەو بابەتانە بخاتە ڕوو کە ڕەنگە هونەرمەندانی تر بوێری باسکردنیان نەبێت.

 

 

13 تەمموز 2026 11:35
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026