Banner
پایتەخت

هونەرمەندێکی میسری خەونێکی منداڵی دەهێنێتە دی

هونەرمەندێکی میسری خەونێکی منداڵی دەهێنێتە دی
کورتە

پلانی داهاتووی ئەحمەد زەعیم، هونەرمەند و ئاوازدانەری ناوداری میسری بۆ زیندووکردنەوەی مۆسیقای ڕەسەن ئاشكرا ده‌بێت.

 ئەحمەد زەعیم، هونەرمەند و ئاوازدانەری میسری، تیشک دەخاتە سەر گرنگی هاوسەنگی نێوان ئاوازدانان و گۆرانیگوتن و به‌ گوته‌ی خۆی هونەرمەندی گشتگیر دەتوانێت لە چەندین بواری جیاوازدا سەرکەوتوو بێت، ئەگەر بەهرە و بەڕێوەبردنی ژیرانەی هەبێت، بۆیه‌ خولیای ڕاستەقینەی ئه‌و بۆ هەردوو بوارەکه‌یه‌.

 

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت له‌ دیدارێكی تایبه‌تدا بڵاوی کردەوە، کۆسپەکانی بەرهەمهێنان لە سەرەتای ژیانی هونەری ئەحمەد زەعیمدا بوونە هۆی ئەوەی وەک ئاوازدانەر زیاتر بناسرێت پێش ئەوەی وەک گۆرانیبێژ دەربکەوێت. ئەو به‌ ڕۆژنامه‌كه‌ی گوتووه‌، ئاوازدانان بۆ ئەستێرە گەورەکان چێژێکی تایبەتی پێ دەبەخشێت و هەست بە خۆشی دەکات کاتێک دەبینێت بیرۆکەکانی بە دەنگی ئەوان بڵاو دەبنەوە.

 

ئه‌و بۆ ڕۆژنامه‌كه‌ ئاماژەی بەوە کردووه‌، سەر بە قوتابخانەی کلاسیکییە لە ئاوازداناندا و پێی باشە سەرەتا تێکستەکە وەربگرێت و پاشان ئاوازی بۆ دابنێت. هەروەها باسی لە نوێکردنەوەی گۆرانی یا ڕایح کرد و وتی: "ئەمە خەونێکی منداڵی بووە. بۆ ئەم مەبەستەش مۆڵەتی فەرمی لە خێزانی هونەرمەندی کۆچکردوو دەحمان حەراشی وەرگرتووە. پلانی هەیە لە داهاتوودا بەرهەمە کلاسیکییەکانی عەبدولحەلیم حافیز و فەرید ئەترەش و چەندانی تر بە شێوازێکی نوێ پێشکەش بکاتەوە."

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، زەعیم باسی لە هاوکارییەکانی لەگەڵ بەها سوڵتان و ڕاغب عەلامە کرد و ڕایگه‌یاندووه‌ کە جیاوازی بیروڕا لە ناو ستۆدیۆدا کارێکی ئاساییە و دەبێتە هۆی سەرکەوتنی کارەکان. پێی وایە کارکردن لەگەڵ گروپێکی نزیک لە شاعیر و دابەشکارەکان، متمانەیەکی زۆر دروست دەکات و دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی کاری جیاواز کە لە یادەوەری بینەراندا بمێنێتەوە.

 

ئەحمەد زەعیم پێشتر وەک ئاوازدانەر لەگەڵ گەورە هونەرمەندانی وەک عەمر دیاب، تامر حوسنی، ئەلیسا، شیرین و ئەنگام کاری کردووە. ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە وای لێ کردووە شارەزاییەکی زۆر لە بەڕێوەبردنی کارە هونەرییەکاندا پەیدا بكات.

13 تەمموز 2026 11:33
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026