Banner
پایتەخت

سه‌دان حاڵەتی نوێی ئیبۆلا تۆمار کران

سه‌دان حاڵەتی نوێی ئیبۆلا تۆمار کران
کورتە

ڤایرۆسی ئیبۆلا كوچه‌ و كۆڵانه‌كانی کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی هه‌ژاندووه‌.

تەنگژە تەندروستییەکانی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار هەنگاو دەنێن، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی قوربانیانی پەتای ئیبۆلا گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی و ڤایرۆسەکە لە ناوچە نوێیەکانیشدا بڵاو بووەوە.

ئەمڕۆ حکومەتی کۆنگۆ بڵاویکردەوە، ژمارەی مردووان بەهۆی نوێترین شەپۆلی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە 600 کەس. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە چەندین حاڵەتی گوماناوی لەو ناوچانە تۆمار کراون کە پێشتر ڤایرۆسەکەیان تێدا نەبووە، لەوانەش ناوچەی کیسانگانی لە هەرێمی تشوبۆ.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی 'الحدث' بڵاویكرده‌وه‌، ژمارەی تووشبووانی پشتڕاستکراوە لە سەرانسەری کۆماری کۆنگۆدا گەیشتووەتە 1795 کەس. یەکێک لە حاڵەتە گوماناوییەکان پەیوەندیی بە هەرێمی ئیتۆرییەوە هەیە، بەڵام حاڵەتەکەی دیکە هیچ پەیوەندییەکی جوگرافیی ڕوونی بە شوێنەکانی پێشوو نییە، ئەمەش وای کردووە دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوەی زیاتر دەست پێ بکەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی تووشبوون.

به‌پێی ڕۆژنامه‌كه‌، ئەم شەپۆلە نوێیە بەهۆی ڤایرۆسی بوندێبۆگیۆوەیە کە جۆرێکی دەگمەنی ئیبۆلایە و تا ئێستا هیچ ڤاکسین یان چارەسەرێکی فەرمیی بۆ نییە. هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای زیاتر لە 1.4 ملیار دۆلاری لە کۆنگرێس کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، چونکە هێرش بۆ سەر بنکە تەندروستییەکان و ململانێ چەکدارییەکان ڕێگرن لە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە.

کۆماری کۆنگۆ ساڵانێکی زۆرە بەدەست بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلاوە دەناڵێنێت و ململانێ چەکدارییەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەش هۆکاری سەرەکین لە ئاستەنگکردنی یارمەتییە تەندروستییەکان. ئەم بڵاوبوونەوەیە یەکێکە لە مەترسیدارترین شەپۆلەکان بەهۆی دەگمەنیی جۆری ڤایرۆسەکە و نەبوونی چارەسەری گونجاو.

09 تەمموز 2026 16:44
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026