Banner
پایتەخت

واده‌ی ناردنی مووچه‌ ئاشكرا ده‌كرێت

واده‌ی ناردنی مووچه‌ ئاشكرا ده‌كرێت
کورتە

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە؛ چارەنووسی مووچەی هەرێم و بڕینی 120 ملیار دینارەکە یەکلایی دەکرێتەوە و له‌ 48 كاتژمێری داهاتووش مووچه‌ ده‌نێرێت.

پەرلەمانتارێکی پارتی لە بەغدا دوایین زانیاری لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشکرا دەکات. بڕیارە ئەمڕۆ حکومەتی عێراق لەبارەی بڕینی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی لە مووچەی هەرێم بڕیارێکی کۆتایی بدات.

 

ئەمڕۆ شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ پایتەخت میدیا ڕایگەیاند، بەپێی ڕێککەوتنەکانی پێشوو، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان 50%ی داهاتە نانەوتییەکانی خۆی کە دەگاتە نزیکەی 120 ملیار دینار ڕادەستی بەغدا بکات.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی دارایی عێراق سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و لە یەک دیناری ئەو بڕە پارەیە خۆش نابێت.

 

ناوبراو ئاشکرای کرد، ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەو داهاتە نانەوتییە ڕادەست نەکات، ئەوا بەغدا بڕی 120 ملیار دینارەکە لە کۆی پارەی مووچە دەبڕێت و تەنها بڕی کورتهێنانەکە ڕەوانەی هەرێم دەکات.

 

هەروەها وتیشی، هیچ کێشەیەکی وردبینی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و بەغدادا نەماوە و پێدەچێت لە 24 تا 48 کاتژمێری داهاتوودا دوای بڕیاری کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، مووچەکە ڕەوانە بکرێت.

 

شێروان دووبەردانی جەختی کردەوە، تەنانەت ئەگەر هەرێم پارەکەش نەنێرێت، بەغدا مووچەکە دەنێرێت بەڵام بە بڕینی ئەو بڕە پارەیەی کە وەک داهاتی نانەوتی دیاریکراوە.

 

بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێم بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ و کاریگەرییەکانی جەنگ و سیستەمی ئه‌سیكۆدا ناتوانێت تەواوی ئەو 120 ملیار دینارە ڕادەست بکات، بۆیە وەزیرە کوردەکان لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی بڕیارەکە یان کەمکردنەوەی بڕەکە.

 

جێگەی باسە بڕیاری ژمارە 550ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە لە تەمووزی ساڵی 2025 دەرچووە، حکومەتی هەرێمی پابەند کردووە بە ڕادەستکردنی مانگانەی 120 ملیار دینار لە داهاتە نانەوتییەکان. ئەم بڕە پارەیە وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و ئێستا بووەتە جێگەی مشتومڕی نێوان هەولێر و بەغدا.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، کاتژمێر 08:00ی شەو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سه‌رپه‌رشتی عەلی فالح زەیدی کۆببێتەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا پرسی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و مەرجی ڕادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی تاوتوێ دەکرێت.

04 تەمموز 2026 13:40
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026