وەزارەتی دارایی داتای داهاتی باجی ئاشکرا كرد
ڕاگهیهنرداوێكی خێرا له وهزارهتی داراییهوه لهبارهی داهاتی باج له ماوهی 7 ساڵی رابردوودا.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی 7 ساڵی ڕابردووی باجی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بڕی داهاتەکە گەیشتووەتە زیاتر لە 5 ترلیۆن دینار. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پەیڕەوکردنی بنەماکانی شەفافیەت و چاکسازییە داراییەکانی کابینەی حکومەتدا دێت.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی بەشی دووەمی پەرتووکی کار و چالاکییەکانی ڕایگەیاند، کۆی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە ساڵی 2019 تا کۆتایی ساڵی 2025 گەیشتووەتە 5 ترلیۆن و 415 ملیار و 30 ملیۆن دینار. ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆرترین ڕێژەی ئەم داهاتە لە پارێزگای هەولێر کۆکراوەتەوە، ئەمەش بەهۆی پێگەی پایتەخت و بوونی زۆرترین کۆمپانیای گەورە و جوڵەی بازرگانی لەو پارێزگایەدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، حکومەتی هەرێم چەندین ڕێکاری بۆ ڕێکخستنەوەی باج گرتووەتە بەر، لەوانە بەسیستەمکردنی کاروباری باج لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و ڕێکخستنەوەی باجی خاڵە سنوورییەکان. هەروەها کار کراوە بۆ پۆلێنکردنی کۆمپانیا گەورەکان و هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونی باج بۆ زەوی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بە مەبەستی زیادکردنی داهاتی گشتی و نەهێشتنی خۆدزینەوە لە باج.
لە پاڵ ئەم هەنگاوانەدا، وەزارەتەکە کاری لەسەر کەمکردنەوەی زێدەڕۆیی سەر موڵکەکانی میری و هەموارکردنەوەی پەیڕەوی گرتنی بازرگانی کردووە بۆ مەبەستی باجی دەرامەت. ئەم چاکسازییانە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە دادوەرییەکان ئەنجام دراون بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لەوەی باج بە شێوەیەکی یاسایی و دادپەروەرانە کۆدەکرێتەوە.
وەزارەتی دارایی پێشتر لە بەشی یەکەمی ڕاپۆرتەکەیدا وردەکاریی بودجەی گشتی عێراق و پشکی هەرێم و میلاکی مووچەخۆرانی خستبووە ڕوو. ئەم زنجیرە بڵاوکراوانە ئامانجیان نیشاندانی کار و چالاکییە داراییەکان و هەوڵەکانی حکومەتە بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوودا.