بەغدا و هەولێر لەسەر سیستەمێکی نوێ ڕێکدەکەون
شاندێکی هەولێر لە بەغدایە؛ 3 دۆسیەی گەورە لەسەر مێزی گفتوگۆن و كۆتایی به كێشهی 120 ملیارهكه دههێندرێت.
دوو شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی چەند دۆسیەیەکی دارایی و کارگێڕی گرنگ لە بەغدان و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵ کۆدەبنەوە. ئەم گفتوگۆیانە جەخت لەسەر پرسی داهاتە نانەوتییەکان، جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا و هاوتاکردنی مووچەی زیندانییە سیاسییەکان دەکەنەوە.
وا بڕیاره ئهمڕۆ شاندی یەکەمی هەرێم لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق كۆببێتهوه بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی. هەرێمی کوردستان پێشنیاری کردووە کە پشکی مانگانە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی و داهاتی ڕاستەقینە دیاری بکرێت بۆ ئەوەی هیچ لایەکیان زەرەرمەند نەبن.
لەلایەکی دیکەوە، هەردوولا لەبارەی تەواوکردنی ڕێکارەکانی سیستەمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکان گفتوگۆ دەکەن کە تەنیا چەند هەنگاوێکی کەمی ماوە بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی. کێشەی نەدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە بازرگانانی هەرێم و دانانی باج لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی داهاتە نانەوتییەکان بووە لە ماوەی ڕابردوودا و شاندەکە دەیەوێت ئەم گرفتانە چارەسەر بکات.
هاوکات شاندەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گواستنەوەی شایستە داراییەکانی زیندانیانی سیاسی بۆ سەر حکومەتی فیدراڵ. یاداشتێکی وردیان پێشکەش کردووە و تاوەکو یەکلاکردنەوەی تەواوەتی دۆسیەکە و وەرگرتنی پاڵپشتی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا دەمێننەوە.
پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین قۆناغی ئاڵۆزی بەخۆوە بینیوە و هەردوولا هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی یاسای بودجەوە کێشەکان چارەسەر بکەن. ئەم سەردانانە وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و چینە جیاوازەکان دەبینرێت، کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بژێوی خەڵک هەیە.