پاره دزراوهكان دهچێته گیرفانی خهڵك
وردهكاریی گهڕانهوهی پاره دزراوهكانی عێراق بۆ خهزێنهی دهوڵهت و سوودبینین بۆ بووژانهوهی ئابووری وڵات.
حکومەتی عێراق لە ڕێگەی گەڕاندنەوەی پاره دزراوەکانەوە هەوڵی کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و زیادکردنی متمانەی وەبەرهێنەران دەدات. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژییەکی فراوان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری وڵات.
ئەمڕۆ مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان تەنها گرنگییەکی دارایی نییە، بەڵکو ئیرادەی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی نیشان دەدات. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پڕۆسەیە متمانەی هاووڵاتییان و وەبەرهێنەران بە دامەزراوە نیشتمانییەکان زیاد دەکات و گوشاری سەر بودجەی گشتی کەمدەکاتەوە.
بە گوتەی ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران، ئەو پارانەی دەگەڕێنرێنەوە وا دەکات وڵات پێویستی بە قەرزی دەرەکی نەمێنێت و سامانی گێڕدراوە بۆ کەرتی تەندروستی، پەروەردە و نیشتەجێبوون بەکاربهێنرێت. هەروەها جەختی کردەوە کە سەرکەوتنی دەوڵەت لەم بوارەدا پەیامێکی دڵنیایی بۆ ناوەندە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان دەنێرێت تاوەکو ڕوو لە وەبەرهێنان لە عێراق بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی دەسپاکی فیدراڵی عێراق ئاشکرای کرد، کە 47 بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیرکراون. لە نێو دەستگیرکراوەکاندا ناوی پەرلەمانتارانی وەک موسەننا سامەڕائی، زیاد جەنابی، بەها نوری و چەندین بەرپرسی تر هەیە کە لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، قۆڵبەست کراون.
ئەم هەڵمەتە فراوانەی عەلی زەیدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دزینی سامانی گشتی و سزادانی گەندەڵکاران لە چوارچێوەی چاکسازییەکی گشتگیردا دێت. تەنها لەم مانگەدا دەست بەسەر 85 ملیۆن دۆلار، 70 خانووبەرە، 21 ئۆتۆمبێل و 3 کیلۆگرام زێڕدا گیراوە کە پەیوەندییان بە دۆسیەی گەندەڵی وەزارەتی نەوتەوە هەبووە.