گەنجانی رانیە خەریکی چین لە ئەوروپا؟
دانیشتووانی وڵاتانی ئەوروپا بەدەست کارە قاچاخچییەکانی گەنجانی ڕانییەوە دەناڵێنن.
لە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیدا لەناو جەرگەی کوردستان، پەردە لەسەر تۆڕێکی ئاڵۆزی قاچاخچێتی لادەدرێت کە شارۆچکەیەکی بچووک تێیدا بووەتە ناوەندی بڕیاردان بۆ پەڕینەوەی هەزاران کۆچبەر بەرەو بەریتانیا.
لە دیدارێکی ڕووبەڕوودا لەگەڵ سەرکردەکانی قاچاخچێتی، "شەیما بەخت" پەیامنێری ڕۆژنامەی The Timesی ئەمریکی وردەکاریی ترسناک لەبارەی چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی کەناڵی ئینگلیز لەلایەن باندە کوردییەکانەوە دەخاتەڕوو. ئەوەی جێگەی سەرنجە، زۆربەی ئەم بازرگانانە خەڵکی "ڕانیە"ن، کە بە کرداری بوونەتە داڕێژەری سەرەکیی نەخشەی کۆچی نایاسایی بۆ ئەو وڵاتە.
پەیامنێرەکە لە دیداری لەگەڵ گەورەکانی قاچاخچێتی گوتی: "سێ شتیان پێ گوتم، یەکەم: باڵادەستی باندە کوردییەکان. دووەم: نەبوونی ترس لە یاسا. سێیەم: دابەشکاری سنوورەکان و ڕیزبەندی دەسەڵات.
باڵادەستیی باندە کوردییەکان
شەیما بەخت باڵادەستی باندە کوردییەکان دەخاتەڕوو و دەڵێت: "باندە کوردە عێراقییەکان نزیکەی بە تەواوی کۆنترۆڵی پەڕینەوەی بەلەمە بچووکەکانیان کردووە لە باکووری فەرەنساوە بۆ بەریتانیا، کە ساڵی ڕابردوو 40,000 کەس ئەو ڕێگەیەی بەکارهێناوە، شارەزایان دەڵێن شتێکی نائاسایی هەیە کە بەردەوام سەر هەڵدەداتەوە: زۆربەی قاچاخچییەکان خەڵکی یەک شارۆچکەی بچووکن، ئەویش "ڕانیە"یە، بەڵام بۆچی؟ خەڵکەکە بێهیوان و دەیانەوێت ناوچەکە جێبهێڵن؛ ڕێژەی بێکاری بەرزە و مێژوویەکی پڕ لە نائارامی هەیە. زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکە پێشتر پەیوەندییان لەگەڵ قاچاخچییەکاندا هەبووە و پێیان وایە کە جێگرەوەی کەم هەیە چونکە هیچ دەرفەتێکی کار لە شارۆچکەکەدا نییە".
نەبوونی ترس لە یاسا
پەیامنێرەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەم باندانە هیچ ترسێکیان لە یاسا نییە و دەڵێت: "ئەم گەورە قاچاخچییانە ناترسن لە دەستگیرکردن و هیچ پەشیمانییەکیان نییە بۆ ئەو کەسانەی لەو ڕێگەیەدا گیان لەدەستدەدەن، ئەوان دەڵێن هێرش و هەڵکوتانەکانی پۆلیس بەزۆری تەنها قاچاخچییە بچووکەکان و کارمەندە ئاساییەکان دەکەنە ئامانج، ئەو پیاوانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان "دەستیان پێناگات و پارێزراون" تەنانەت یەکێکیان بۆ ماوەی دە ساڵ چەندین کاری قاچاخچێتی لە ڕێگەی یەک ژمارەی تەلەفۆنی شەخسییەوە بەڕێوەبردووە، لەکاتێکدا وێنەی ڕاستەقینەی دەموچاوی خۆی لەسەر پرۆفایلی واتسئەپەکەی بووە".
دابەشکاریی سنوورەکان و ڕیزبەندی دەسەڵات
شەیما بەخت لەبارەی چۆنییەت کارکردنی ئەم باندانەوە هەموو شتێک ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "لە باکووری فەرەنسا، کەناراوەکان بە کرداری لە نێوان گرووپەکاندا دابەش کراون بۆ ڕەنگدانەوەی بەشە جیاوازەکانی کوردستان، بە شێوەیەک کە ڕانیە کۆنترۆڵی ناوچەکانی دانکیخ (Dunkirk) و کالێی (Calais) دەکات".
شەیما زانیویەتی بەڕێوەبردنی ئەم کارانە بەپێی سیستەمێک بەڕێوە دەچێت کە ئەویش سیستمێکی چینایەتی و ڕیزبەندییە، کە لەو پیاوانەوە دەستپێدەکات کە کۆچبەران بار دەکەنە سەر بەلەم تاکو سەرکردەکانی قاچاغچێتی لەم کارەدا هەن بە لیستێک خستوویەتە ڕوو:
- لە خوارەوەی لیستەکەدا: ئەو پیاوانەن کە لە هەواڵەکاندا دەیانبینیت کۆچبەران بار دەکەنە سەر بەلەمە چووپەکان، ئەمانە کەمترین پارەیان پێدەدرێت.
- لە سەرووی ئەوانەوە: ڕێدۆزەکان (Pathfinders) هەن، کە سەرپەرشتی تیمی قاچاخچییەکان دەکەن و ئۆتۆمبێلی ڤان و ڕێگای پیادە بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بە سنوورەکانی تورکیا، قوبرس و بەشەکانی تری ئەوروپادا.
- لە هەرە سەرەوەدا: گەورە قاچاغچییەکان (Kingpins) هەن، کە کۆنترۆڵی ناوچەکان دەکەن و بە سەدان پیاویان لەژێر دەستدایە لە بنکەکانی خۆیان لە دەرەوەی وڵات. ئەوان دەتوانن سەدان هەزار دۆلار پەیدا بکەن بەبێ ئەوەی هەرگیز ماڵەکانی خۆیان جێبهێڵن.
شەیما بەخت لە کۆتایی دا جەخت لە باڵادەستی کوردەکان دەکاتەوە و دەڵێت: "لە کاتێکدا کوردەکان لەم ڕێگایانەی بەریتانیادا هەماهەنگی لەگەڵ قاچاخچییە تورکەکان، قاغچییەکانی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپییەکاندا دەکەن، بەڵام ئەوان پێیان وایە هۆکاری قۆرخکردنی ئەم بازرگانییە لەلایەن ئەوانەوە تەنها یەک شتە: "ئەوان دەزانن چۆن پێکەوە کار بکەن".