Banner
پایتەخت

وردەکاریی خەرجییەکانی هەرێم لە 2019 تا 2025 بڵاوکرایەوە

وردەکاریی خەرجییەکانی هەرێم لە 2019 تا 2025 بڵاوکرایەوە
کورتە

وەزارەتی دارایی کۆی خەرجییەکانی 7 ساڵی ڕابردووی ئاشکرا کرد و لێره‌ ته‌واوی ورده‌كارییه‌كان بخوێنه‌ره‌وه‌.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆی خەرجییە کردارییەکانی حەوت ساڵی ڕابردووی بڵاوکردەوە کە بڕەکەی زیاتر لە 87.5 ترلیۆن دینارە.

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆی خەرجییە گشتییەکانی حکومەت لە حەوت ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە زیاتر لە 87 ترلیۆن و 500 ملیار دینار و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بەشی شێری ئەم خەرجییانە بۆ مووچە بووە کە بڕەکەی زیاتر لە 65 ترلیۆن دینار بووە، هەروەها 14 ترلیۆن دیناریش بۆ خەرجیی بەکارخستنی ڕۆژانەی فەرمانگە و وەزارەتەکان تەرخان کراوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی دا هاتووە، بڕی 4 ترلیۆن دینار بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و نزیکەی 4 ترلیۆن دیناری دیکەش بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرج کراوە.

وەزارەت ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێشتا بەشێک لە شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان، بەڵێندەران و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بەهۆی کەمیی نەختینەوە خەرج نەکراون و هەندێک خەرجی کارەباش بە شێوەی چەک و مەقاسە ئەنجام دراون.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ده‌ڵێت: "سەرجەم خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان و کارەبا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنها بەشێک لە پارەی مووچەی ناردووە و وەک تەواوکارییەک بۆ دابەشکردنی مووچە بەکار هاتووە."

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، له‌ ساڵی 2013ـەوه‌ حکومەتی فیدراڵ بودجەی تەواوەتی هەرێمی بڕیوە. لەو ساڵەوە تا ئێستا، هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی خەرجییە گشتییەکانی تەنها پشتی بە داهاتی ناوخۆ و ئەو بڕە پارە کەمە بەستووە کە لە بەغداوە بۆ مووچە دێت.

27 حوزەیران 2026 14:58
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026