عوسمان گوڵپی: بەکارهێنانی وشەی حوشتر سوکایەتییە بە تەواوی میدیاکاران
چالاکوانێکی سلێمانی داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات سنوورێک بۆ ئەوانە دابنێن کە بێڕێزییان پێدەکەن
چالاکوانێکی دیاری شاری سلێمانی ڕەخنە لە سەرۆکی یەکێتی دەگرێت بەرامبەر سوکایەتیکردنی بە ڕۆژنامەنووسان و دەڵێت: هیچ پاساوێك نییە بۆ ئەم شێوازی قسەکردنەی بافڵ تاڵەبانی.
عوسمان گوڵپی، چالاکوانی شاری سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: لە ڕاستیدا نەدەبوو بافڵ تاڵەبانی ئەو دەستەواژەیە بەکار بهێنیت و بۆ ئەو کەمییە نەك بۆ ئەوەی بەرامبەری بەکارهێنا، با بەڕای بافڵ تاڵەبانی پرسیارەکەشی لە جێی خۆیدا نەبووبێت، بەڵام دەیتوانی وەڵام نەداتەوە، دەیتوانی بڵێ کەی کاتی ئەو پرسیارانەیە.
گوڵپی باسی لەوەشکردووە: بەکارهێنانی وشەی حوشتر جنێوە و سوکایەتییە بە تەواوی میدیاکارەکان و هیچ پاساوێك نییە بۆ ئەم شێوازی قسەکردنەی بافڵ تاڵەبانی و نبە ڕۆژنامەنووسان دەڵێت:خۆتان ڕێز بۆ خۆتان و میدیا دابێن باشان ڕێگە بە بێڕێزی کەس مەدەن، خۆ ئەگەر بێڕێزیشتان بەرامبەرکرا ئەوا ئێوەش سنوورێک بۆ مرۆڤی شکێنەر دانێن.
ئەو چالاکوانەی سلێمانی داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات: بەها بۆ مایکەکانتان دابنێن و حساباتی ورد بۆ پێگەی خۆتان بکەن، وا بکەن لە بەرپرسەکان لە بەردەمتانا بوەستن و قسەتان بۆ بکەن، هەر کەس ڕێزی نەگرتن ڕێزی مەگرن و سنورێك بۆ هەموو ئەوانە دانێن کە ڕێز لە خۆتان و مایکەکانتان ناگرن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی 22ـی حوزەیرانی 2026، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی ئاڕاستەکردنی پرسیارێک لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکەوە لە شاری سلێمانی، لێی توڕەدەبێت و سوکایەتی و بێڕێزی پێدەکات، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە نێوەندە میدیاییەکان و ڕای گشتی لێکەوتەوە.