پایتەخت

یاسا سزای تووندی بۆ سوکایەتیپێکردن بە ڕۆژنامەنووس داناوە

یاسا سزای تووندی بۆ سوکایەتیپێکردن بە ڕۆژنامەنووس داناوە
کورتە

بەگوێرەی یاسا دەستدرێژیکردن و سوکایەتیکردن بە ڕۆژنامەنووس وەک هێرشکردنە سەر فەرمانبەری دەوڵەتە

بەگوێرەی هەردوو یاسای ڕۆژنامەگەریی کوردستان و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، هەر سوکایەتیکردن یان دەستدرێژییەک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا، وەک هێرشکردنە سەر "فەرمانبەری دەوڵەت" دادەنرێت و سزای تووندی بەندکردن یان پێبژاردنی دارایی بۆ دەبڕێتەوە.

 

لە بڕگەی پێنجەمی ماددەی حەوتەم لە یاسای ژمارە (35)ـی ساڵی 2007ـی ڕۆژنامەگەری کوردیدا هاتووە: "هه‌ر كه‌سێك به‌هۆی كاره‌كه‌یه‌وه‌ سووكایه‌تی به‌ رۆژنامه‌نووس بكا، یان ده‌ستدرێژیی بكاته‌ سه‌ر، ئه‌وا هه‌مان ئه‌و سزایه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ كه‌ بۆ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر فه‌رمانبه‌رێک له‌ كاتی یان به‌هۆی به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی دانراوه‌".

 

هاوکات لە بڕگەی شەشەمی ماددەی نۆزدەیەمی یاسای ژمارە (40)ـی ساڵی (2004)ـی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیشدا هاتووە: "ئەوەی دەستدرێژی بکاتە سەر ڕۆژنامەنووس لەکاتی ئەنجامدان یان بەهۆی کارەکەیەوە، ئەو سزایە دەدرێ کە بۆ ئەو کەسە داندراوە کە دەستدرێژی دەکاتە سەر کارمەندی گشتی لەکاتی ئەنجامدانی فەرمان یان بەهۆی فەرمانەوە".

 

هەروەها بەگوێرەی ماددەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو کە لە هەرێمی کوردستانیش بەرکارە، هێرشکردن و دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندی دەوڵەت بە تاوان دادەنرێت. سزاكان بەپێی شێوازی هێرشەکە لە نێوان پێبژاردن و بەندکردن دەگۆڕدرێن.

 

لەو ماددە یاساییەدا ئەوە ڕوونکراوەتەوە: ئەگەر کەسێک سووکایەتی یان بێڕێزی (جنێودان) بەرامبەر بە فەرمانبەرێک یان کەسێکی ڕاسپێردراو بە خزمەتی گشتی بکات لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا، ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت و سزای پێبژاردنی دارایی یان یەکێک لەو دوو سزایە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی 22ـی حوزەیرانی 2026، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەکاتی ئاڕاستەکردنی پرسیارێک لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکەوە لە شاری سلێمانی، لێی توڕە دەبێت و سوکایەتی و بێڕێزی پێدەکات، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە نێوەندە میدیاییەکان و ڕای گشتی لێکەوتەوە.

23 حوزەیران 2026 21:46
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026