جگە لە داوای لێبووردن هیچ هەڵوێستێکی تر یەک تمەن ناکات
سەلام عومەر بۆ بافڵ تاڵەبانی: ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە سووکایەتییەکەت قبووڵ ناکات تا داوای لێبوردن نەکەیت
لە کاردانەوەی دژی سووکایەتییەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەلام عومەر جەخت لەوە دەکاتەوە، ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە سووکایەتی قبووڵ ناکات تا ئەو کاتەی بافڵ تاڵەبانی قەرەبووی مەعنەوی پەیامنێرەکە دەکاتەوە.
سەلام عومەر، نووسەر لە پەرەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەرنجی خوێنەر بۆ خەسڵەتە بایۆلۆژییەکانی ئاژەڵی حوشتر ڕادەکێشێت و دەڵێت: ئەم شیردەرە یادەوەرییەکی یەکجار بەهێزی هەیە بۆ کاتی مامەڵەی خراپ لەگەڵیدا و زوو شتی بیرناچێتەوە؛ ئەو وەک هێمایەک بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر لە ئێستادا ئەو لایەنە نەتوانێت هیچ بکات، بەڵام ئەم "حوشترە" (میدیاکاران) هەرگیز ئەو سووکایەتییەیان بیرناچێتەوە.
سەلام عومەر ئاماژەی بەوە دا، ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە، سووکایەتیی لەو شێوەیەی سەرۆکی یەکێتی قبووڵ ناکات، تا ئەو کاتەی ناوبراو لەبەردەم ڕای گشتیدا بە فەرمی داوای لێبوردن دەکات و قەرەبووی مەعنەوی ئەو پەیامنێرە دەکاتەوە.
لە درێژەی نووسینەکەی سەلام عومەر باس لەوە دەکات، هیچ دەزگایەکی ڕۆژنامەوانیی ڕەسەن لە ئاست سووکایەتیکردن بە کارمەندەکانی بێدەنگ نابێت.
سەلام عومەر لە کۆتایی وتارەکەیدا، ڕەخنەی تووند لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و لایەنە بەرپرسەکان دەگرێت و دەڵێت: بەرپرسی هیچ سەندیکایەکی ڕەسەن نابێت لەم سووکایەتییە بێدەنگ بێت؛ ئەگەر بێدەنگیش بن، دەبێت ناوی سەندیکاکەیان بەپێی دوایین پێشهاتەکان بگۆڕن، چونکە جگە لەم هەڵوێستە تووندانە، هیچ هەڵوێستێکی تر یەک تمەن ناکات.