گەورەترین تۆڕی گەندەڵی لە عێراق دەستگیر دەکرێن
دەسەڵاتی دادوەری و دەستەی دەستپاکی لە عێراق گەورەترین دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئامادە دەکەن
لە درێژەی گرتنەبەری ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی و پارێزگاری و گەڕانەوەی سامانی گشتی، لە عێراق ئامادەسازی دەکرێت بۆ ئاشكراکردن و دەستگیرکردنی گەورەترین تۆڕی گەندەڵی، کە چاوەڕی دەکرێت چەندین بەرپرسی باڵا لەخۆبگرێت.
بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان لە میدیا عێراقییەکان، دەسەڵاتی دادوەریی و دەستەی دەستپاکیی عێراق لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکردنی پاکێجێکی بەرفراواندان بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 50 بەرپرسی باڵای کابینەکانی پێشوو و ئێستای حکومەتی عێراقن.
سەرچاوە دادوەرییەکان ئەوەیان بۆ میدیاکان ئاشکرا کردووە، کە ڕێکارەکان تەنها فەرمانبەرانی ئاسایی ناگرێتەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵات دەکاتە ئامانج و لە لیستەکەدا ناوی چەندین، وەزیر، بریکاری وەزارەتەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، ئەفسەرانی باڵای ئەمنی و سەربازی، پەرلەمانتاران لە کابینەکانی پێشوو و ئێستاش بوونیان هەیە.
هاوکات زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی یاسایی لەو بەرپرسانەی کە ئێستاش لەناو جومگەکانی دەسەڵاتدا کاردەکەن و لەم قۆناغەشدا، جووڵەکانی دادگا خێراتر دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە ڕاکردنی تۆمەتباران بۆ دەرەوەی عێراق.
لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەو بەرپرسە باڵایانە دەکرێت بریتین لە: پێشێلکاریی دارایی، گەندەڵی و دزینی سامانی گشتیی دەوڵەت، کە لە ماوەی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقدا ئەنجام دراون. ئەم هەنگاوانەش درێژەی ئەو هەڵمەتە بەردەوامانەی دەستەی دەستپاکی ی عێراقە، کە لەم دواییانەدا چەندین بەرپرسی باڵای وەکو بریکاری وەزارەتی نەوت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کەرتی کارەبایان بەهۆی دۆسیەی داراییەوە ڕووبەڕووی یاسا کردووەتەوە.