میترۆ پەیامێکی جیاوازی ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی كرد
پەیامێکی خێرا لە بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆوە بۆ سەرکردە سیاسییەکان لهبارهی شكۆی ڕۆژنامهنووسانهوه
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر سوکایەتیپێکردن بە ڕۆژنامەنووسان ڕادەگەیەنێت و داوای پاراستنی شکۆی پیشەیی میدیاکاران دەکات.
ئهمڕۆ دیاری محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ به پایتهخت میدیای ڕاگهیاند، كه پێویستە هەموو کەس و لایەنێک ڕێز لە پیشەی ڕۆژنامەنووسی بگرن، چونکە ئەوان دەنگی کۆمەڵگەن و پەیامی لایەنەکان، حیزبەکان و حکومەت دەگەیەننە هاووڵاتییان.
ناوبراو گوتیشی: ئەو ڕەفتارەی بەرامبەر پەیامنێرێک ئەنجامدرا، تەنها بێڕێزی نییە بەو کەسە، بەڵکو بێڕێزییە بە تەواوی پیشەی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان.
دیاری محەممەد داوای کرد کە لە داهاتوودا بە شێوەیەکی شارستانی و شایستەتر مامەڵە لەگەڵ میدیاکاران بکرێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕەفتارانە بگیرێت.
ئهمه لهكاتێكدایه، كه دوێنێ بافڵ تاڵهبانی له سلێمانی سوكایهتی به ڕۆژنامهنووسان كرد و دهستهواژهی نهشیاوی له دژییان بهكارهێنا.