پایتەخت

بافڵ تاڵەبانی بە گوتنی هەی حوشتر خۆی و حزبەکەی تووشی ئیحراجی کرد

 بافڵ تاڵەبانی بە گوتنی هەی حوشتر خۆی و حزبەکەی تووشی ئیحراجی کرد
کورتە

عەزیز ڕەئووف بۆ بافڵ تاڵەبانی: کەمکردنەوە لە کاری میدیایی پاساو نییە بۆ سووکایەتیکردن

دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم میوان و ئامادەبوواندا دەربڕینی 'هەی حوشتر'ـی بەرامبەر بە پەیامنێرێک بەکارهێنا، عەزیز ڕەئووف دەڵێت: کەمکردنەوە لە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان هەرگیز پاساو نییە بۆ شکاندنی کەرامەتی ڕۆژنامەنووسان.

 

عەزیز ڕەئووف، ڕۆژنامەنووس لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنووسان لە کاتی سەردانی بەرپرسان بۆ شوێنە گشتییەکان، کردەیەکی تەواو نەخوازراوە.

 

عەزیز ڕەئووف ڕوونی دەکاتەوە، کاری ڕۆژنامەنووسی لە باشووری کوردستان بەهۆی دۆخەکەوە لە پیشە جدییەکەی خۆی دابڕاوە و تەنها لە گواستنەوەی لێدوانی بەرپرسان و فرمێسکی پرسەکان کورت بووەتەوە، بەڵام ئەم کەمکردنەوەیە لە ڕۆڵی میدیا هەرگیز پاساو نییە بۆ ئەوەی سوکایەتی بە ڕۆژنامەنووسان بکرێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا عەزیز ڕەئووف دەڵێت، دەربڕینی "هەی حوشتر" لە زاری سەرۆکی یەکێتییەوە هاتووەتەدەر، قسەیەکی ناشرینە و بەر لە هەرشتێک ئیحراجییەکی گەورە بۆ خودی ناوبراو و حزبەکەشی دروست دەکات، چونکە بە هیچ شێوەیەک شیاو نییە سەرۆکی حزبێک لەبەردەم میوان و میدیاکاراندا بەو شێوازە هێرش بکاتە سەر ڕۆژنامەنووسێک.

 

عەزیز ڕەئووف ڕەخنە لە بێدەنگی و دووڕوویی ناوەندی ڕۆشنبیری و میدیایی دەگرێت و دەنووسێت: ئەگەر ئەم قسەیە لە لایەن بەرپرسێکی پارتی یان لایەنەکانی ترەوە بکرایە، ئێستا کۆی ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، ڕۆشنبیران و بەناو ئۆپۆزسیۆن قسەیان لەسەر دەکرد و هەڵایەکی گەورەیان لە میدیاکاندا بۆ دەنانەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەزیز ڕەئووف داوا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و تەواوی ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی بواری میدیا دەکات، لە ئاست ئەم سوکایەتییەدا بێدەنگ نەبن.

 

لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە، بەر لە هەر کەسێکی تر، پێویستە خودی سەرۆکی یەکێتی پۆزش بهێنێتەوە و بە فەرمی داوای لێبوردن لە ڕۆژنامەنووسان بکات.

23 حوزەیران 2026 17:03
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026