پایتەخت

محەممەد نووری بۆ بافڵ تاڵەبانی: ئەمانە حوشتر نین و داوای لێبووردن بکە

محەممەد نووری بۆ بافڵ تاڵەبانی:  ئەمانە حوشتر نین و داوای لێبووردن بکە
کورتە

محەممەد نووری بۆ بافڵ تاڵەبانی: پەیامنێر حوشتر نییە، داوای لێبووردن نیشانەی گەورەییە

سووکایەتیکردنی بافڵ تاڵەبانی بە ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێران، شەپۆلێکی تووندی ڕەخنەی لێدەکەوێتەوە؛ لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەنووسێک داوای پاراستنی کەرامەتی گەنجانی میدیاکار دەکات و جەخت دەکاتەوە، دەبێت بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی داوای لێبووردن بکات.

 

محەممەد نووری، ڕۆژنامەنووس لە ڕێگەی لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، وتارێکی ڕەخنەیی تووندی ئاڕاستەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو گەنجانەی هاتوونەتە ناو بواری پەیامنێری، چ بە ئارەزووی خۆیان بێت یان بەهۆی دژوارییەکانی ژیان و نەبوونی دەرفەتی کار، مرۆڤگەلێکی ماندوون کە بە هەوڵی خۆیان نان و گوزەرانیان دابین دەکەن.

 

محەممەد نووری لە بافڵ تاڵەبانی دەپرسێت: ئەمانە حوشتر نین، بەڵکو گەنجی ماندوون کە پەیام، وتار و دروشمەکانی ئێوە دەگەیەنن و لە هۆڵێکەوە بۆ هۆڵێکی تر دەڕۆن بۆ ئەوەی دەنگی بەرپرسان بگەیەنن؛ ئایا شوبهاندنی ئەوان بە حوشتر جگە لە تەشهیر چ واتایەکی تری هەیە؟

 

ئەم ڕۆژنامەنووسە خاوەنی زیاتر لە 28 ساڵ ئەزموونی میدیاییە، بەراوردکارییەک لە نێوان نەوەی ئێستا و ڕابردووی سەرکردایەتیی یەکێتیدا دەکات و دەڵێت: "ماوەی 15 ساڵ لە میدیای یەکێتیدا کاری کردووە و لە خوالێخۆشبوو مام جەلال، هێرۆخان و سەرکردەکانی ترەوە، هیچ کات سوکایەتیی لەو شێوەیەی بەرامبەر بە کادری میدیایی نەبیستووە".

 

 ئەو بە گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی خۆی لەگەڵ مام جەلالدا لە پێش 17 ساڵ لەمەوبەر، جیاوازیی نێوان ڕەخنە و سوکایەتی ڕوون دەکاتەوە، چۆن سەرۆک مام جەلال بە ئارامی و زمانی گەورەییەوە وەڵامی گەنجانی داوەتەوە، نەک بە زمانێکی بریندارکەر.

 

محەممەد نووری جەخت دەکاتەوە، توڕەبوونی سیاسی و هەڵچوونی کاتی نابێت ببێتە هۆی ئەوەی کەرامەتی ئەو گەنجانە بشکێنرێت کە بە مایک لەدەستەوە لە ژێر سەرما و گەرمادا چاوەڕێی لێدوانێک دەکەن. ئەو دەڵێت: بەرپرسان دەتوانن لە کۆبوونەوە داخراوەکانیاندا هەرچییەک بە ئەندامانی حیزبەکەیان بڵێن، بەڵام ئەو گەنجانەی دەرەوەی بازنەکە خزمەتی ڕاگەیاندن دەکەن و شایستەی ئەوە نین وەک حوشتر یان کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

 

لە کۆتاییدا، محەممەد نووری بە هێنانەوەی نموونەیەک لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی میسری لەسەر بەرگرییکردن لە کەرامەتی پەیامنێران، داوا لە بافڵ تاڵەبانی دەکات، داوای لێبوردن بکات، چونکە داوای لێبوردن نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو نیشانەی گەورەییە و میدیاکارانیش چاوەڕوانی ئەوە دەکەن.

23 حوزەیران 2026 16:40
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026