بریندار هەیە و نەخۆشخانەی ڕانیە بێ دکتۆرە!
نەخۆشخانە یەک دکتۆری لێ نییە؛ بریندار هەیە و قەروێلە نییە
پێش نیوەڕۆی ئەمرۆ ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ لەسەر ڕێگەی نێوان ڕانیە و دەربەند، لە نزیک بەنزینخانەی ڕاستگۆ ڕوویدا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار کەس و برینداربوونی دوو کەسی دیکە.
کەمێک پێش ئێستا، چەندین تۆماری ڤیدیۆیی و وێنە بۆ پایتەخت نێردراوە، ئەو بریندارانە براونەتە نەخۆشخانە، کەچی لە بەشی تیشک هیچ دکتۆرێکی لێ نییە و لە بێ قەروێلەیی، نەخۆشەکان لەسەر زەوی دانراون.
سەرەڕای قورسیی ڕووداوەکە، کەسوکاری قوربانییەکان باس لەوە دەکەن، کە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕانیە کێشەی نەبوونی پزیشک و کارمەندی تیشکی هەیە و زیاتر لە 30 خولەکە بریندارەکان بێ پشکنین ماونەتەوە و نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە نەخۆشخانە، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
هەروەها بەهۆی نەبوونی قەرەوێڵە، بریندارەکان لەسەر زەوی دانراون، کە یەکێکیان منداڵە. ئەم دۆخە تووڕەیی و نیگەرانیی زۆری لای هاووڵاتییان دروست کردووە و داوای وەڵامی بەپەلە لە تەندروستیی ناوچەکە دەکرێت.