دادگای سلێمانی بووەتە بەشێک لە بەرنامە و سیناریۆ داڕێژراوەکانی یەکێتی
بەرەی گەل لە دەیەمین مانگی هێرشەکەی سەر لالەزار ڕاگەیاندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردەوە
بەرەی گەل لە 10ـەمین مانگی هێرشەکەی سەر لالەزار داوای دەستوەردانی بەپەلەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەکات و ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا 27 ئەندامیان بەبێ ڕێکاری یاسایی لە زیندانەکانی ئاسایش و کۆماندۆی یەکێتی دەستبەسەرن.
ئەمڕۆ دووشەممە، بەرەی گەل لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، تیشک دەخاتە سەر دۆخی یاسایی و مرۆیی دەستبەسەرکراوانی ڕووداوەکەی لالەزار و ڕایدەگەیەنێت: "ڕێک 10 مانگ پێش ئێستا، هێزە چەکدارەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە بڕیاری ڕاستەوخۆی سەرۆکی حزبەکە، هێرشیان کردە سەر ماڵی لاهور تاڵەبانی، سەرۆکی بەرەی گەل و ئەندامی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی کوردستان، کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک هەڤاڵمان شەهید و بریندار بوون و لاهور تاڵەبانی و چەندین کەسی دیکەش دەستبەسەر کران."
بەرەی گەل ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ئازادکردنی بەشێک لە دەستبەسەرکراوان، بەڵام تا ئێستا 27 کەسیان لە زیندانەکانی ئاسایشی یەکێتی و هێزی کۆماندۆدا ماونەتەوە، سەبارەت بە ڕێڕەوی یاسایی دۆسیەکە، بەرەگەی گەل دەڵێت: "دادگای سلێمانی بووەتە بەشێک لە بەرنامە و سیناریۆ داڕێژراوەکانی بەرپرسانی یەکێتی و لە ڕێڕەوی سروشتی خۆی لایداوە، دادگا بە ئەنقەست خۆی لە بڕیارەکانی دادگای تەمیزی هەرێم دەدزێتەوە و دۆسیەکە دیزەبەدەرخۆنەی ئەم بابەتە دەکات."
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بەرەی گەل داوا لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەکات کە بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ ڕێگریکردن لەو زوڵمە و چەسپاندنی سەروەری یاسا، هەروەها داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندە دیپلۆماسییەکان کراوە کە بەرامبەر بێبەشکردنی ئەو 27 کەسە لە ئازادی، بێدەنگ نەبن.