پەیامی بنەماڵەی یاد سەرباز گەیشت
بنەماڵەی یاد سەرباز بڕیاریان داوە پرسە بۆ کوڕەکەیان دانەنێن.
ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئێسقانەکان هی یاد سەربازە، لە بەرامبەردا بنەماڵەکەی ڕادەگەیەنن کە پرسە دانانێن.
بنەماڵە و خزمانی گوندی کۆیلێ لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای تێپەڕبوونی 26 ڕۆژ بەسەر ڕووداوی ونبوون و ڕفاندنی منداڵەکەیان و دۆزینەوەی ئێسقانەکانی، هەروەها دوای 10 ڕۆژ لە وەرگرتنی نموونەی خوێنی دایک و باوکەکە و ئێسقانەکان، ئەمڕۆ لە لایەن دادگا، ئاسایش و دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕاپەڕینەوە بە فەرمی لە ئەنجامەکە ئاگادار کراونەتەوە.
بنەماڵەی یاد سەرباز عەلی جەختیان کردووەتەوە، لە ئێستادا نایانەوێت لەوە زیاتر هیچ لێدوان و زانیارییەک بڵاو بکەنەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە جارێکی دیکە دووپاتی دەکەنەوە کە بە هیچ شێوەیەک پرسە بۆ منداڵەکەیان دانانێن.
لە کۆتایی دا بنەماڵەی یاد سەرباز عەلی سوپاسی پەرۆشی و هاوخەمی سەرجەم هاووڵاتییان و لایەنەکانیان کردووە.