حازم کەریم: خەڵک بە پارەدانی ئەلیکترۆنی وایانزانیوە کارەبا بووەتە 24 کاتژمێریی
شێوازی وەرگرتنی پارەی کارەبا گۆڕانکاری بەسەردا هات
لەگەڵ دەستپێکردنی سیستەمی پسوولەی ئەلیکترۆنی لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای گەرمیان ئاشکرای دەکات، گۆڕانکارییەکە تەنیا لە شێوازی پارەداندا بووە، نەک لە زیادبوونی کاتژمێرەکانی کارەبا.
ئەمڕۆ حازم کەریم، بەڕێوەبەری کارەبای گەرمیان تەواوی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە باس لە 24 کاتژمێربوونی کارەبای نیشتمانی و گرانبوونی نرخەکەی دەکەن و بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تەنیا سیستەمی پێدانی پارە کراوەتە ئەلیکترۆنی.
بەڕێوەبەری کارەبای گەرمیان ڕوونی کردەوە، لە ڕێکەوتی 15ـی 6ـی 2026ەوە بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی نوێ لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان جێبەجێ کراوە کە تایبەتە بە دەرکردنی پسوولەکان، لە ڕێگەی ئەم سیستەمەوە هاووڵاتییان دەتوانن مانگانە بە شێوازی ئەلیکترۆنی پارەی کارەبا بدەن.
حازم کەریم جەختی لەوەش کردەوە، هەر ئەم گۆڕانکارییەش وای کردووە خەڵک وا تێبگەن کە بەهۆی پارەدانی ئەلیکترۆنییەوە کارەبا کراوەتە 24 کاتژمێری.
بەڕێوەبەری کارەبای گەرمیان ئاماژەی بەوە دا، لە ئێستادا ڕۆژانە تەنیا 16 بۆ 17 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییانی سنووری گەرمیان دەدرێت.
حازم کەریم باسی لەوە کرد، پڕۆژەی ڕووناکی تاوەکو ئێستا لە گەرمیان نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و نرخەکانیش وەک خۆیانن و هیچ گران نەکراون.