لاهور تاڵەبانی: ڕێککەوتن قبووڵ ناکەم
لاهور تاڵەبانی هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک لە دەرەوەی یاسا قبووڵ ناکات و هەڕەشەی مانگرتن دەکات.
لاهور تاڵەبانی هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی سیاسی یان حزبی لە دەرەوەی هۆڵەکانی دادگا قبووڵ ناکات و تەنیا داوای سەروەریی یاسا دەکات.
ئەمڕۆ دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور تاڵەبانی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دادگای تاوانەکانی سلێمانی وەڵامی نووسراوی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەداوەتەوە بۆ ناردنی دۆسیەکەیان بۆ هەولێر، هەروەها ئەگەر ڕێکارەکان بەیاسایی نەڕۆن، گیراوانی لالەزار مانگرتنی سەرتاسەری ڕادەگەیەنن.
گوتەبێژی تیمی پارێزەران ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان لە ڕێگەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانەوە هەوڵیان داوە دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای تەمیزی هەولێر بکرێت، بەپێی ماددەی 286 سکاڵایان لەسەر دادگای تاوانەکانی 2ـی سلێمانی تۆمار کردووە چونکە کەیسەکەی لایە و پابەند نابێت بە ناردنی.
دانا تەقیەدین باسی لەوە کرد، دادگای تێهەڵچوونەوە لە 14ـی مانگەوە نووسراوی بۆ دادگای تاوانەکان کردووە تاوەکو سەرنجی خۆیان بدەن، بەڵام ئەمڕۆ 8 ڕۆژە دادگا وەڵامی نەداونەتەوە، لە کاتێکدا بەپێی یاسا دەبوو لەم ماوەیەدا وەڵام بدرێنەوە و چاوەڕێ دەکەن بەیانی وەڵامەکە بدرێتەوە.
گوتەبێژی تیمی پارێزەران پەیامێکی لاهور تاڵەبانی دەخاتەڕوو، ناوبراو و گیراوانی لالەزار ورەیان بەرزە بەڵام نیگەرانن لە دەستوەردانی حزبی لە دادگاکان، لاهور تاڵەبانی هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک لە دەرەوەی یاسا قبووڵ ناکات و دەیەوێت یاسا سەروەر بێت.
لاهور تاڵەبانی هۆشداریی دا، ئەگەر دۆسیەکە ڕێڕەوی یاسایی خۆی نەگرێتە بەر، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مانگرتنی سەرتاسەریی گیراوانی لالەزار ڕادەگەیەنرێت.
گوتەبێژی تیمی پارێزەران ڕوونیکردەوە، ئەگەر لاهور تاڵەبانی ئازاد بکرێت، خۆی ئازادە لەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ هەر لایەنێکدا بکات.
سەبارەت بە ژمارەی دەستگیرکراوەکانیش، گوتەبێژی تیمی پارێزەران جەختی لەوە کردەوە، کۆی گشتی 27 کەس لە نێو گیراوانی لالەزاردا هەن، کە بەشێکیان بەپێی ماددەی 56 (تایبەت بە فرتوفێڵ) و بەشەکەی دیکەیان بەپێی ماددەی 406 (تایبەت بە کوشتنی بەئەنقەست) دەستگیرکراون.