بیلال یاخی وردەکاریی تۆمارە دەنگییەکانی د. عهبدولهتیف ئاشکرا دەکات
بیلال یاخی لە دیدارێکدا لەگەڵ پایتهخت میدیا، باس له بهكارهێنانی پێگەی ئایینی و زانکۆ بۆ "فریودانی کچان" لهلایهن د. عهدولهتیفهوه دهكات.
چالاکوان بیلال یاخی لە دیدارێکی تایبەتی 'پایتهخت میدیا'دا، پەردە لەسەر وردەکاریی نوێی مەلەفە مشتومڕاوییەکەی دکتۆر عەبدولەتیف لادەدات.
یاخی وەڵامی تۆمەتەکانی 'زیرەکیی دەستکرد' دەداتەوە و باس لە بوونی تۆماری دەنگیی 9 خولەکی و زیاتر لە 15 قوربانی دەکات. هەروەها تیشک دەخاتە سەر فشاری سیاسیی باڵەکان لەناو یەکێتی بۆ داخستنی کەیسەکە و هەوڵەکان بۆ دیپۆرتکردنەوەی لە بەریتانیا.
دهقی گفتوگۆی پایتهخت میدیا و چالاكوان بیلال مهحموود 'یاخی'
پایتهخت میدیا: سڵاو و ڕێز. سوپاس بۆ قبووڵکردنی ئەم دیدارە. پێمان خۆشە سەرەتا لەوەوە دەست پێ بکەین؛ ئایا ئەو کێشەیەی لە نێوان تۆ و دکتۆر عەبدولەتیفدا هەیە، ڕەهەندێکی شەخسیی هەیە، یان تەنها پەیوەستە بەو بەڵگانەی کە بە دەستت گەیشتوون؟
بیلال یاخی: سڵاو بۆ ئێوەش. لە ڕاستیدا، هیچ کێشەیەکی شەخسیم لەگەڵ ناوبراودا نییە. ئەگەرچی لە ساڵی 2022دا لە یەکێک لە مزگەوتەکانی بەریتانیا گرژییەک لە نێوانماندا ڕووی دا، بەڵام بنەڕەتی کێشەکە عەقیدەیی و فیکرییە. من لەسەر ئەو بڕوایەم کە ئەو بیروبۆچوونانەی ئەو بڵاوی دەکاتەوە، لە خزمەت ئاییندا نین. ئەوەی ئێستاش بڵاومان کردووەتەوە، پەیوەندی بە لایەنی ئەخلاقی و خراپ بەکارهێنانی پێگەی ئایینی و زانستییەوە هەیە؛ کاتێک کەسێک پێگەی خۆی وەک مامۆستای زانکۆ و ڕێبەرێکی ئایینی بۆ سوکایەتیکردن و هەڵخەڵەتاندنی قوتابیانی کچ بەکار دەهێنێت، ئەمە نابێت وەک بابەتێکی شەخسی سەیر بکرێت.
پایتهخت میدیا: ئەو تۆمارە دەنگی و بەڵگانە چۆن گەیشتنە دەستی بەڕێزت و چۆن لە ڕاست و دروستییان دڵنیا بوویتەوە؟
بیلال یاخی: من وەک چالاکوانێک کە لە دەرەوەی وڵات دەژیم، متمانەی زۆرم لە لایەن خەڵکەوە بۆ دروست بووە، چونکە لێرە بە ئازادانە و بەبێ فشار دەتوانم کار بکەم. ئەو قوتابی و قوربانییانە خۆیان پەیوەندییان پێوە کردووم. پێش بڵاوکردنەوەی هەر بەڵگەیەک، ماوەی دوو هەفتە لێکۆڵینەوەی وردم کردووە بۆ ئەوەی دڵنیا ببمەوە کە ئەمە پیلان نییە بۆ ناشرینکردنی کەسایەتیی ئەو. بەڵگەکان بریتین لە تۆماری دەنگی، وێنە و گفتوگۆ له واتساپ و سناپچات، کە بە هیچ شێوەیەک گومانی تێدا نییە.
پایتهخت میدیا: باس لە بوونی چەندین قوربانی دەکرێت، ئایا تا ئێستا چەند کەس وەک قوربانیی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە تۆوە کردووە؟
بیلال یاخی: بە فەرمی 4 ئافرەت وەک قوربانیی ڕاستەوخۆ کە تەحەڕوشی سێکسییان پێ کراوە پەیوەندییان کردووە. بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناو زانکۆ و لە ڕێگەی شایەتحاڵەکانەوە پێمان گەیشتووە، ژمارەی قوربانییەکان لە نێوان 15 بۆ 20 ئافرەت دەبێت. زۆربەیان لەبەر ترسی کۆمەڵایەتی و عەشایەری، یان لەبەر ئەوەی برای ناوبراو سەرۆکی بەشەکەیانە و دەسەڵاتی کارگێڕیی هەیە، ناوێرن بێنە دەنگ.
پایتهخت میدیا: دکتۆر عەبدولەتیف و لایەنگرانی دەڵێن ئەم بەڵگانە لە ڕێگەی 'زیرەکیی دەستکرد'ـەوە دروست کراون، وەڵامی تۆ چییە؟
بیلال یاخی: ئەمە تەنها پاساوێکە بۆ خۆدزینەوە لە ڕاستییەکان. من چەندین جار تەحەدام کردوون کە وەرن با بە شێوەی 'موباهەلە' و لە لایڤێکی ڕاستەوخۆدا ڕووبەڕوو ببینەوە، بەڵام ناوێرن. ناوبراو لە ترسی ئاشکرابوونی زیاتری بەڵگەکان، واتساپەکەی کە بە ژمارەیەکی میسری کردبوویەوە، سڕیوەتەوە. بەڵگەکان زۆر لەوە ڕوونترن کە بە زیرەکیی دەستکرد ناوزەند بکرێن؛ دەنگی قوربانییەکان و وردەکاریی شوێنەکان هەمووی لە تۆمارەکاندا دیارن.
پایتهخت میدیا: جەنابت ئاماژەت بەوە کرد کە ئەم کردەوانە لە ناو ئۆتۆمبێل و ژووری تایبەتی مامۆستایان ئەنجام دراون، ئایا هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەرت لەسەر شوێنەکان هەیە؟
بیلال یاخی: بەڵێ، تۆمارێکی دەنگیی 9 خولەکیم لەبەر دەستە کە لە ناو ئۆتۆمبێلدا تۆمار کراوە و تێیدا هەموو شتێک ڕوونە. هەروەها بەپێی گێڕانەوەی قوربانییەکان، هەندێک لەو کارانە لە ژووری تایبەتی خۆی لە زانکۆ ئەنجام دراون. ناوبراو داوای لە کچەکان کردووە نیقاب بپۆشن کاتێک سواری ئۆتۆمبێلەکەی دەبن، بۆ ئەوەی خەڵک وا بزانن یەکێکە لە هاوسەرەکانی و گومانی لێ نەکەن.
پایتهخت میدیا: دەنگۆی ئەوە هەیە کە فشاری سیاسی و کارگێڕی هەبێت بۆ داخستنی ئەم مەلەفە، تێڕوانینت بۆ ئەو لێژنە لێکۆڵینەوەیە چییە کە پێکهێنراوە؟
بیلال یاخی: من متمانەی زۆرم بەو لێژنانە نییە، چونکە ناوبراو پشتیوانییەکی سیاسیی بەهێزی لە لایەن هەندێک باڵی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە هەیە. هەروەها هەبوونی براکەی لە پێگەیەکی باڵای زانکۆدا، گومان دەخاتە سەر بێلایەنیی لێکۆڵینەوەکان. ئامانجی ئەوان زیاتر پەردەپۆشکردنی بابەتەکەیە نەک دەرخستنی ڕاستییەکان.
پایتهخت میدیا: ئایا پێتان وایە دەسەڵاتی سیاسی لەو سنوورەدا هەوڵی دەستوەردان لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان بدات؟
بیلال یاخی: پێشبینی دەکەم هەموو هەوڵێک بدەن بۆ پەردەپۆشکردن یان بچووککردنەوەی کەیسەکە. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئێستادا پێویستی بە 'عەبدولەتیف' هەیە و پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان ناوبراو و سەرۆکی یەکێتیدا هەیە، 'عەبدولەتیف' یهكێتییه و یهكێتی 'عەبدولەتیف'ه. بەتایبەت بۆ پرسەکانی هەڵبژاردن سوودی لێ دەبینن. هەرچەندە من بڕوایەکی ئەوتۆم بە لێژنەکان نییە، بەڵام بەهۆی گوشاری ڕای گشتی و بوونی بەڵگەکان، ڕەنگە یەکێتی بۆ پاراستنی ناوبانگی خۆی لە کۆتاییدا پشتی تێ بکات، بەڵام دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامەکان بین.
پایتهخت میدیا: تەمەنی قوربانییەکان نزیکەی چەند ساڵە و ئایا تەنها خوێندکاری زانکۆ بوون؟
بیلال یاخی: قوربانییەکان هەم لە ناو زانکۆ و هەم لە دەرەوەی زانکۆش هەبوون، تەمەنیان لە نێوان 19، 20 بۆ 21 ساڵدایە. ناوبراو بەهۆی پێگە ئایینی و ئەکادیمییەکەیەوە، ئەو کچانەی فریوداوە. بە بیانووی هاوکاریی زانستی، پێدان نمرە یان بەڵێنی هاوسەرگیری (وەک ژنی چوارەم) لێیان نزیک بووەتەوە و دەستدرێژی کردووەتە سەر ئەو کچانەی کە بەلای ئەوەوە سەرنجڕاکێش بوون.
پایتهخت میدیا: ئایا ڕاستە کە هەوڵێک هەیە بۆ دیپۆرتکردنەوەی تۆ لە بەریتانیاوە بۆ کوردستان؟
بیلال یاخی: بەڵێ، زانیاریم پێ گەیشتووە کە لە ڕێگەی برایەکی ناوبراو کە ئەندام پەرلەمانە لە بەغداد، هەوڵ دراوە لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و ههواڵگری عێراقەوە فشار بخەنە سەر بەریتانیا بۆ دیپۆرتکردنەوەم، بەو ناوەی کە من 'مەترسیم بۆ سەر ئەمنی قەومی'. بەڵام لێرە یاسا سەروەرە و بەم جۆرە درۆیانە کەسی لێ دیپۆرت ناکرێتەوە. تەنانەت هەڕەشەی کوشتنم لێ کراوە، بەڵام ئەمانە نامترسێنن.
پایتهخت میدیا: ئامانجی کۆتایی تۆ لە بڵاوکردنەوەی ئەم مەلەفانە چییە؟
بیلال یاخی: ئامانجی من پاککردنەوەی ئایینی ئیسلامە لەو کەسانەی بەرگی ئایینییان پۆشیوە و بۆ مەرامی سێکسی و ماددی، ئیستیغلال (خراپ بەکارهێنان)ی پیرۆزییەکان و پێگەی زانستی دەکەن. دەبێت ئەم جۆرە کەسانە لە زانکۆ و لە مزگەوتەکان دوور بخرێنەوە، چونکە خیانەتیان لەو ئەمانەتە کردووە کە پێیان سپێردراوە.
پایتهخت میدیا: لە کۆتاییدا، دەربارەی سیستەمی حوکمڕانی، ئایا تۆ بڕوات بە حوکمی کوردی هەیە یان تەنها حوکمی ئیسلامی قبووڵ دەکەیت؟
بیلال یاخی: من وەک هەر موسڵمانێک پێم وایە حوکم تەنها بۆ خوایە. هەر کەسێک، چ کورد بێت یان غەیری کورد، ئەگەر حوکمی خودا و قورئان جێبەجێ بکات، من خزمەتکاری دەبم. مەسەلەکە نەتەوەیی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە جێبەجێکردنی دادپەروەریی ئیسلامییەوە.
پایتهخت میدیا: سوپاسی بەڕێز بیلال مهحموود یاخی دەکەین بۆ ئەم کاتەی بۆ ئێمەی تەرخان کرد.
بیلال یاخی: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش، هیوادارم پەیامەکە وەک خۆی بگات.