دۆسیەی د.عەبدولەتیف ئەحمەد دەگاتە بەردەم دادوەر
کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبەخشەکان دەگرێتە بەر
کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی ڕێکاری یاسایی و دادوەریی تووند بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگرێتە بەر، کە تۆمەتی ناڕەوا هەڵدەبەستێت.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، دوای بڵاوبوونەوەی چەند تۆمارێکی دەنگی کە دراونەتە پاڵ مامۆستایەکی کۆلێجەکەیان، هەندێک کەس و پەیج نابەرپرسانە و بەر لە دەرچوونی کارەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە و دادگا، بڕیاری کۆتاییان لەسەر بابەتەکە داوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان، مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی و بەتایبەت کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان هۆشیارن و بە هیچ شێوەیەک ناکەونە ژێر کاریگەریی سۆز و پێش کارەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە ناکەون و لەبری لایەنە یاساییەکان بڕیار لەسەر ئەم دۆسیەیە نادەن.
ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان داوا لە لایەنە کارگێڕی و یاساییەکان و لێژنەی لێکۆڵینەوە دەکات، بە زووترین کات کاری جددی لەسەر دۆسیەکە بکەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامی ڕاست و یەکلاکردنەوەی کەسی تاوانبار یان بێتاوان.
لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان داوای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی تووند دەکەن بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک کە تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشێتەوە و سنوور دەبەزێنێت، بە مەبەستی پاراستنی شکۆی زانکۆ، مامۆستایان و قوتابییان.